مەریوان؛ دەستبەسەرکرانی خەبات فەدایی، هونەرمەندی کورد و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی
هەنگاو؛ سێشەممە ۱۷ی خەرمانانی ۲۷۲۶
خەبات فەدایی، هونەرمەندی کورد و خەڵکی گوندی بۆڕیەری سەوڵاوا و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، لە بەردەم ماڵی خۆیدا لە شاری مەریوان لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە بە کەڵکوەرگرتن لە توندوتیژی دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ۱۷ی خەرمانانی ۲۷۲۶ (۸ی سێپتەمبەری ۲۰۲۶)، هێزە حکوومەتییەکان بێ پیشاندانی هیچ بڕیارێکی دادوەری، خەبات فەدایی هونەرمەندی کوردیان لە بەردەم ماڵەکەیدا لە شاری مەریوان دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکرانی نوێ و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.
شایانی باسە کە، خەبات فەدایی پێشتر لە ڕەوتی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» لە ڕێکەوتی ۲ی ڕەزبەری ۲۷۲۲ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە تاران ڕفێندرابوو و دوای تەواوبوونی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە بۆ بەندیخانەی ئەڤین گواسترابوویەوە. ناوبراو سەرەنجام لە ۲۳ی خەزەڵوەری ۲۷۲۲ بە دانانی بڕیاری بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
ناوبراو دواتر لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی وەرامین بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەشکان ڕامش بە تۆمەتی «چالاکیی پڕوپاگەندەیی دژی کۆماری ئیسلامی» سزای ۱ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی «ئەندامێتی لە گرووپ و کۆبوونەوەکان بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات» سزای ۵ ساڵ بەندکرانی تەعزیریی بەسەردا سەپێندرا بوو.