دەستبەسەرکردنی سووران یاری لاوی تەمەن ١٩ ساڵی خەڵکی جوانڕۆ بە لاقی شکاوەوە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە
هەنگاو؛ سێشەممە ١٧ی خەرمانانی ٢٧٢٦
لاوێکی تەمەن ١٩ ساڵی کورد و خەڵکی جوانڕۆ بە ناوی سۆران یاری، لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزەکانی پاراستنی ئیتڵاعاتی ئێران بۆ سەر ماڵی خێزانەکەی و دوای بەربوونەوە لە سەربان کە بووە هۆی شکانی لاقی. بە هەمان دۆخی بریندارییەوە دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنی نادیار گواستراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی خەرمانانی ٢٧٢٦ (٦ی سێپتەمبەری ٢٠٢٦)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات کاتژمێر ٥ی بەیانی بە هەڵکوتانە سەر ماڵی خێزانیی سۆران یاری دەستبەسەریان کردووە.
بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، سۆرانی یاری لە کاتی هەڵکوتانی لەناکاوی ئەم هێزانەدا بۆ سەر ماڵەکەیان تووشی ترسێکی زۆر بووە و بە مەبەستی هەڵاتن لە سەربانی ماڵەکەیان خۆی فڕێ داوەتەخوارەوە و لەئەنجامدا لقێکی شکاوە. بەڵام هێزە حکوومەتییەکان بەبێ گوێدانە دۆخی برینداربوونی دژوار و پێویستیی بەپەلەی ناوبراو بە خزمەتگوزاریی پزیشکی، سۆرانیان بە هەمان دۆخەوە دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنی نادیاریان گواستووەتەوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ جۆرە زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتن، دۆخی تەندروستیی جەستەیی و ئەگەری دەستڕاگەیشتنی بە چارەسەری پزیشکیی سۆران یاری لەبەردەستدا نییە. بێبەشکردنی ناوبراو لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی، بووەتە هۆی زیادبوونی نیگەرانییەکان لەسەر چارەنووسی ناوبراو.