شنۆ؛ ئیدریس کارساز سزای سێ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

١٨ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ٠١:١٣

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

ئیدریس کارساز، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری شنۆ کە پێشتر دەستبەسەر کرابوو، لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئیدریس کارساز، هاووڵاتی تەمەن ٤٧ ساڵ و خەڵکی شنۆ لە لایەن دادگای شۆڕشی ئەم شارەوە بە تۆمەتی "ئەندامییەتی و هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" سزای سێ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا و ئەم حوکمە بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

ئیدریس کارساز، ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی پووشپەڕ (٣ی جولای) لە ڕەوتی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەکی دادوەری دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواسترابووەوە. ناوبراو لە کۆتاییدا دوای ٤٧ ڕۆژ دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ ملیۆنی و بە شێوەیەکی کاتی تا کۆتایی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی شنۆ ئازاد کرا.

شایانی باسە کە، ئیدریس کارساز لە ماوەی ٤٢ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانەکەی لە گرتنگەی ئورمیە لە مافی پەیوەندی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە و هێزە ئەمنییەکان لە پێدانی هەر جۆرە زانیارییەک لەسەر چارەنووس و دۆخی ئەم هاووڵاتییە بە بنەماڵەکەی خۆیان پاراستووە. ناوبراو دواتر بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواستراوەتەوە و بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ لەم بەندیخانەیەدا بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە