ڕاپۆرتێک لەسەر دوایین دۆخی پێژمان توبرەریزی، بەندکراوی سیاسیی کوردی مەحکووم بە سێدارە

٦ جۆزەردان ٢٧٢٦، ١٢:٣٣

هەنگاو؛ چوارشەممە ٦ی جۆزەردانی ٢٧٢٦

پێژمان توبرەریزی، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی کرماشان کە لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی «ئەفساد فی‌لئەرز» لە ڕێگەی ئەندامێتی لە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق  سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە، لە بەندیخانەی ئەڤینی تاراندا بەندکراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پێژمان توبرەریزی، بەندکراوی سیاسیی کوردی تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی کرماشان کە خەرمانانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ئەڤینی تاران بەندکراوە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە ڕۆژی ١٠ی خەرمانانی ٢٧٢٥، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر «محمەدڕەزا عەمووزاد» بە تۆمەتی «ئەفساد فی‌لئەرز» لە ڕێگەی ئەندامێتی لە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا و ئەم حوکمە ڕۆژی ١٧ی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو لە بەندیخانەدا بە فەرمی پێی ڕاگەیەندرا.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، دانیشتنەکانی دادگاییکردنی ئەم هاووڵاتییە لە لقی ئاماژەپێکراو لە ڕێکەوتەکانی ٥ و ٢٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ بەبێ دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بەڕێوە چوون. لەم دانیشتنانەدا دادوەر سەرەتا داوای لێ کردووە کە تۆمەتەکان قبووڵ بکات و لە بەرامبەر دوورخستنەوەی بۆ بەندیخانەی سەراوان سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان لەجیاتی سزای سێدارە، هاوکاری لەگەڵ وەزارەتی ئیتلاعاتدا بکات؛ بەدوای ڕەتکردنەوەی ئەم داواکارییەدا، ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژ لە دانیشتنێکی دیکەی دادگادا داوای لێ کراوە کە سزای سێدارەکەی خۆی واژۆ بکات. پێژمان توبرەریزی لەم دانیشتنانەدا لە قبووڵکردنی ئەم داواکارییانە خۆی پاراستووە.

شایانی باسە، لە ڕێکەوتی ٢٢ی پوشپەڕی ٢٧٢٥دا هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بە مەبەستی ناچارکردنی پێژمان توبرەریزی بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی بنەماڵەکەی و وێڕای پشکنینی ماڵەکە، دەستیان بەسەر مۆبایلی ئەندامانی بنەماڵەکەشیدا گرتووە. لە کاتی ئەم هێرشەدا فەریبا واحیدی، زڕدایکی ئەم هاووڵاتییە کە تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە ببوو، جەڵتەی دڵ لێی دەدات و گیانی لەدەست دەدات.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێزە ئەمنییەکان بە مەبەستی ڕێگری لە گوتنەوەی دروشمی دژەحکومەتی لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەم خانمەدا لە گوندی بێڵەواری کرماشان ئامادە بوون و پێش بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکەش هەڕەشەیان لە ئەندامانی بنەماڵەکە کردبوو تا هۆکاری مردنەکە وەک هێرشی لەناکاوی هێزە ئەمنییەکان ڕانەگەیەنن و میدیایی نەکەن.

پێژمان توبرەریزی ڕۆژی ٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لە تاران دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعات ناسراو بە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئەڤین گواسترایەوە.

ئەم بەندکراوە لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لەژێر ئەشکەنجەی جۆراوجۆر وکوو شۆکی کارەبایی و لێدانی توندی جەستەیی بووە و بۆ ماوەی چەندین هەفتە بەبێ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریی پزیشکی ڕاگیراوە. ناوبراو سەرەنجام دوای دوو مانگ و نیو لێپرسینەوە لە بەندی ٢٠٩ەوە بۆ بەشی گشتیی ئەم بەندیخانەیە گواسترایەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە