ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دوایی دۆخی یوونس تەخشید، بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی مهاباد
هەنگاو؛ یەکشەممە ٧ی بەفرانباری ٢٧٢٥
یوونس تەخشید، بەندکراوی سیاسیی دەسبەسەر لە بەندیخانەی ناوەندیی مهاباد، سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٣ مانگ بەسەر کاتی دەستبەسەرکردنیدا، هێشتا لە مافی وەرگرتنی مرەخەسی بێبەش کراوە. ئەم بەندکراوە سیاسییە پێشتر لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی مهابادەوە، بە تۆمەتی «ئەندامێتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران» سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی تەعزیریی بەسەردا سەپێندرابوو.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، یوونس تەخشید، هاووڵاتیی خەڵکی مهاباد، سێزدەهەمین مانگی بەندکرانی خۆی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارەدا تێدەپەڕێنێت.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی یوونس تەخشید لەم بارەیەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە ئەم بەندکراوە سیاسییە لە کاتی دەستبەسەرکردنیەوە هەتا ئێستا بە تەواوی لە مافی مەرەخەسی بێبەش کراوە.
یوونس تەخشید زستانی ساڵی ٢٧٢٤ لەلایەن دادگای شۆڕشی مهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەجاد دۆستی بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" سزای ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
ئەم بەندکراوە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٢٧٢٤ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و بۆ گرتووخانەی مهاباد گواسترابۆوە.
یوونس تەخشید پێشتر بۆ ماوەیەک لە هەرێمی کوردستان ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و دوای ئەوەی ئیدارەی ئیتلاعات بە فێڵکردن ئەماننامەی پێ دابوو، چەند ڕۆژ دوای گەڕانەوەی بۆ زێدی خۆی دەستبەسەر کرابوو.