جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانی ١٤ بەندکراو لە گرتووخانەکانی ڕەشت، گورگان، سەوزەوار، مەشهەد، کەرەج، بەندەرعەبباس، یەزد، سمنان، دوڕوود، برووجێرد و گۆناباد
هەنگاو؛ چوارشەممە ١٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٥
بڕیاری لە سێدارەدانی ١٤ بەندکراو، لەنێویاندا دوو بەندکراوی کورد و دوو بەندکراوی لوڕ بە ناوەکانی مەهدی جەوانمەردی، عەلی کەڵهوڕ، پیر وەلی شەعبانی، حیسام نەورووزی، ئەمیر ئیمامی، یووسف جەمشیدی (سۆهرابی)، عەلی نەیرەنگ، جەلال خوورشیدی، مەحموود نووری، سەفا جۆزیپوور، حوسێن شەفیعزادە، غوڵامڕەزا بەهرامی، حوسێن زەمانی و سپێهر گوودەرزی کە پێشتر بە تۆمەتی "کووشتنی بەئەنقەست" و "پەیوەندیدار بە تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان" لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرابوو، لە گرتووخانەکانی ڕەشت، گورگان، سەوزەوار، مەشهەد، کەرەج، بەندەرعەبباس، یەزد، سمنان، دوڕوود، برووجێرد و گۆناباد جێبەجێ کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (٣ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)، بڕیاری لە سێدارەدانی دوو بەندکراوی کورد بە ناوەکانی عەلی کەڵهوڕ و سەفا جۆزیپوور کە هەردووکیان خەڵکی کرماشانن، بە تۆمەتی کووشتنی بەئەنقەست و تاوانە پەیوەندیدارەکان بە ماددە هۆشبەرەکان، لە گرتووخانەکانی گورگانی پارێزگای گوڵستان و گۆنابادی پارێزگای خووراسانی ڕەزەوی جێبەجێ کرا.
هاوکات، بڕیاری لەسێدارەدانی سێ بەندکراو بە ناوەکانی مەهدی جەوانمەردی، هاووڵاتیی گیلەک و خەڵکی ڕەشت بە تۆمەتی تاوانە پەیوەندیدارەکان بە ماددە هۆشبەرەکان لە گرتووخانەی لاکانی ڕەشت، پیروەلی شەعبانی و حیسام نەورووی کە هەردووکیان بە تۆمەتی تاوانە پەیوەندیدارەکان بە ماددە هۆشبەرەکان سزا درابوون، لە گرتووخانەی سەوزەوار و گرتووخانەی ناوەندیی مەشهەد جێبەجێ کرا.
لە درێژەی سێدارەدانەکانی ئەمڕۆدا، سزای لە سێدارەدانی ئەمیر ئیمامی و یووسف جەمشیدی، هاووڵاتیی ٢٢ ساڵەی بەلووچ و خەڵکی میناب کە هەردووکیان سێ ساڵ پێشتر بە تۆمەتی کووشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر کرابوون، لە گرتووخانەکانی قزڵحیساری کەرەج و گرتووخانەی ناوەندیی بەندەرعەبباس جێبەجێ کرا.
لەلایەکی دیکەوە، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١١ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (٢ی دیسەمبەر)، بڕیاری لەسێدارەدانی دوو بەندکراو بە ناوەکانی عەلی نەیرەنگ و جەلال خوورشیدی، خەڵکی یەزد، لە گرتووخانەی ناوەندیی یەزد جێبەجێ کرا. عەلی نەیرەنگ نزیکەی چوار ساڵ پێش ئێستا و جەلال خوورشیدی شەش ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر و سزای سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرابوو.
هاوکات لە هەمان ڕۆژدا، بڕیاری لەسێدارەدانی سێ بەندکراو بە ناوەکانی مەحموود نووری، تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵکی سمنان، حوسێن شەفیعزادە، تەمەن ٤٣ ساڵ و غوڵامڕەزا بەهرامی، لە گرتووخانەی ناوەندیی سمنان جێبەجێ کرا. مەحموود نووری حەوت ساڵ پێش ئێستا، حوسێن شەفیعزادە نزیکەی سێ ساڵ پێش ئێستا و غوڵامڕەزا بەهرامیش کەمتر لە دوو ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی کووشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر و سزای سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرابوو.
هەروەها، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (١ی دیسەمبەر)، بڕیاری لەسێدارەدانی دوو بەندکراوی لوڕ بە ناوەکانی حوسێن زەمانی و سپێهر گوودەرزی کە پێشتر بە تۆمەتی کووشتن سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو، لە گرتووخانەکانی دوڕوود و برووجێردی پارێزگای لوڕستان جێبەجێ کرا.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوانە لە ڕاگەیاندنە حوکوومییەکان، بەتایبەت میدیاکانی نزیک لە دەسەڵاتی دادوەریەوە، ڕانەگەیەندراوە.