جێبەجێکرانی سزای سێدارەی پێنج بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئیلام، قوم، شیراز، تەورێز و ساری

هەنگاو؛ چوارشەممە ٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٥
سزای سێدارەی پێنج بەندکراو بریتی لە سێ بەندکراوی کورد، تورک و بەلووچ بە ناوەکانی محەممەد ئەمینی، عەبدولزاهیر فەقیردادی، ڕەزا ساڵحی، سادق ئەڵڵاوەردی و محەممەد شەبستان، کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەكان و کوشتنی ئەنقەست دەستبەسەر کرابوون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو ، لە بەندیخانەکانی ئیلام، قوم، شیراز و ساری جێبەجێ کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ (٣٠ی جوڵای ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بە ناوی محەممەد ئەمینی، خەڵکی ئیلام، لە بەندیخانەی ئیلام جێبەجێ کرا. ئەم بەندکراوە دوو ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست دەستبەسەر و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
هاوکات لەم ڕۆژەدا، سزای سێدارەی بەندکراوێکی بەلووچ بە ناوی عەبدولزاهیر فەقیر دادی«داوودی»، ٥٣ ساڵە و خەڵکی گوندی «لادیز» سەر بە شاری میرجاوەی سیستان و بەلووچستان، لە بەندیخانەی ناوەندی قوم جێبەجێ کرا. ئەم بەندکراوە چوار ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر دەستبەسەر کرا و دواتر لە لایەن ناوەندی دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەی بە سەردا سەپێندرابوو. ناوبراو لە کاتێکدا تووشی نەخۆشی سەخت بوو، لە ڕۆژی دووشەممە ٦ی گەلاوێژ بۆ جێبەجێ کردنی سزای سێدارەکەی بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابوویەوە.
هاوکات لەم ڕۆژەدا، سزای سێدارەی ڕەزا ساڵحی کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتن دەستبەسەرکرابوو لە بەندیخانەی ناوەندی شیراز «عادڵ ئاوا» جێبەجێ کرا.
هەروەها لە بەرە بەیانی ڕۆژی سێشەممە ٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ (٢٩ی جوڵای)، سزای سێدارەی محەمەد شەبستان، ٤٣ ساڵە، خەڵکی ساری و باوکی دوو منداڵ لە بەندیخانەی ناوەندی ساری جێبەجێ کرا. ئەم بەندکراوە لە پێنج ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست لە شەڕێکی تایفەیی دەسبەسەرکرابوو و لە کۆتاییدا لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.
بەرەبەیانی دووشەممە ٦ی گەلاوێژ و لەدرێژەی ئەو شەپۆلە نوێیەی لەسێدارەدانی هاووڵاتییان، سزای سێدارەی بەندکراوێکی تورک و خەڵکی تەورێز بە ناوی سادق ئەڵاوەردی ٥٣ ساڵە لە بەندیخانەی ناوەندی تەورێز جێبەجێ کرا. ناوبراو چوار ساڵ پێش بە تۆمەتە پەیوەندیدارەکان بە مادەی هۆشبەر دەسبەسەر کرابوو.
هەواڵی لە سێدارەدانی ئەم پێنج بەندکراوە تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە میدیاکانی حکوومەت بەتایبەت میدیاکانی نزیک بە دەزگای دادوەری بڵاو نەکراوەتەوە