ڕاپۆرتێک سەبارەت بە لە سێدارە دانی دە بەندکراو لە بەندیخانەکانی قزلحەسار، قوم، ئەلیگودەرز، یەزد، کرماشان و بورازجان

ههنگاو؛ هەینی ١٤ی خەرمانانی ٢٧٢٥
سزای سێدارەی دە بەندکراو بە ناوەکانی ڕەزا ئاقاجانی، مێهرداد ئیروانی، ڕوحوڵڵا حاکمی، نیزام حاکمی، ئەڵڵا بەخش میرجەهانی، ئیبراهیم سەفەرزایی، یەعقووب دریکوەند، جەلال مورادی، عیماد قائێدی هەروەها کەسێکی خەڵکی ئەفغانستان( کە هەنگاو بەدواداچوون بۆ ناسنامەکەی دەکات) جێبەجێ کراوە. ئەم کەسانە پێشووتر لە دۆسییەی جیاواز و بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر و کوشتنی ئەنقەسەت لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە و لە گرتووخانەکانی قزڵحەسار، قوم، یەزد، ئەلیگوودەرز، کرماشان و بورازجان سزای سێدارەکەیان جێبەجی کراوە.
بە پێی ڕاپۆرتێک کە بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو گەیشتووە،سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنج شەممە ١٣ی خەرمانان ٢٧٢٥(٤ی سێپتەمبر ٢٠٢٥ )، سزای سێدارەی دوو بەندکراو، بە ناوەکانی ڕەزا ئاقاجانی تەمەن ٣٩ ساڵ و هەروەها کەسێکی خەڵکی ئەفعانستان، لە بەدیخانەی قزڵحەسار جێبەجێ کراوە.
ڕەزا ئاقاجانی پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر دەستبەسەر و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو کە شەوی ڕابردوو بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرابوویەوە، بەندکراوەکەی دیکەش بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
هاوکات هەمان ڕۆژ، سزای سێدارەی بەندکراوێکی بەلووچ بە ناوی ئیبراهیم سەفەرزایی تەمەن ٢٢ ساڵ خەڵکی زاهیدان و دانیشتووی یەزد لە بەندیخانەی ناوەندی یەزد لە سێدارە درا.
ئەم بەندکراوە چوار ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، باوکی ئیبراهیم سەفەرزایی چوار ساڵ پێش لە هەمان بەندیخانە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر لە سێدارە درابوو.
لەلایەکی دیکەوە سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی خەرمانانی ٢٧٢٥، سزای سێدارەی چوار بەندکراو بە ناوەکانی مێهرداد ئیروانی و سێ کەسی خەڵکی ئەفغانستان بە ناوەکانی روحوڵا حاکمی تەمەن ٥٤ ساڵ، نیزام حاکمی تەمەن ٢٣ ساڵ و ئەڵڵابەخش میرجەهانی تەمەن ٤٤ ساڵ کە هەرسێکەسیان دانیشتووی شاری کەرەج بوون، لە بەندیخانەی ناوەندی قوم جێبەجێ کرا.
مێهرداد ئیروانی بە تۆمەتی مادەی هۆشبەر و سێ کەسی خەڵکی ئەفغانستان کە خزمایەتی باوک و کور و خاڵۆیان پێکوە هەبوو، بە تۆمەتی مادەی هۆشبەر لەلایەن دەزاگی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
هەروەها سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١١ی خەرمانانی ٢٧٢٥ (٢ی سێپتەمبەر) سزای سێدارەی بەندکراوێکی لوڕ بە ناوی یەعقوب دریکوند خەڵکی خوڕەماوا بە بەندیخانەی ئەلیگودەرز لە پارێزگای لوڕستان جێبەجێ کراوە، ئەم بەندکراوە چوار ساڵ پیش بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست دەستبەسەر و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
هاوکات لە هەمان ڕۆژدا، سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بە ناوی جەلال مورادی خەڵکی کرماشان کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو لە بەندیخانەی دیزڵئاوای ئەم شارە جێبەجێ کرا.
ڕۆژی یەکشەممە ٩ی خەرمانانی ٢٧٢٥ (٣١ی ئاگۆست) سزای سێدارەی عێماد قائدی خەڵکی بورازجان کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر کرابوو لە بەندیخانەی بورازجان جێبەجێ کراوە.
تا کاتی نووسینەوەی ئەم راپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوانە لە میدیاکانی کۆماری ئیسلامی بە تایبەت میدیای دەزگای دادوەری بڵاونەکراوەتەوە.