ڕاپۆرتێک لە سەر جێبەجێکردنی سزای سێدارەی دوازدە بەندکراو لە بەندیخانەکانی شیراز، سەبزەوار و زەنجان
هەنگاو؛ سێشەممە ١٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٦
سزای سێدارەی دوازدە بەندکراو لەوانە سێ بەندکراوی بەلووچ، دوو بەندکراوی تورک، دوو بەندکراوی ئەفغانستانی و بەندکراوێکی کورد بە ناوەکانی سەعید دێهقانیزادە، بۆرزوو مووسازادە، عەباس بەیات، عەلیئەکبەر سەرابیمووقەدەم، سالار شێخی، محەممەد عوسمان دانەبوڕچین، قادر خودامورادی، محەممەدسدیق بەلووچی، عیسا شەکووریان و پەرویز وەلیزادە کە پێشتر بە تۆمەتەکانی پەیوەندیدار بە «ماددە هۆشبەرەکان»، «کوشتنی ئەنقەست» و «دەستدرێژیی بە زۆر» دەستبەسەر کرابوون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەکانی عادڵئاوای شیراز، زەنجان و سەبزەوار جێبەجێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی یەکشەممە ١٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٦(٣٠ی مەی ٢٠٢٦) سزای سێدارەی دە بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی شیراز (عادڵئاباد) جێبەجێ کراوە کە ناسنامەی دوو کەس لەم بەندکراوانە کە هاووڵاتیی وڵاتی ئەفغانستان بوون هێشتا پشتڕاست نەکراوەتەوە و لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.
لەم ڕۆژەدا، سزای سێدارەی چوار بەندکراو بە ناوەکانی سەعید دێهقانیزادە تەمەن ٣٢ ساڵ، عەباس بەیات تەمەن ٣٠ ساڵ، هەر دووکیان خەڵکی شیراز، بۆرزوو مووسازادە هاووڵاتیی کورد تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی کرماشان کە لە شیراز بە کرێکاری خەریک بوو و عەلیئەکبەر سەرابیمووقەدەم، هاووڵاتیی خەڵکی کازروون بە تۆمەتی «کوشتنی ئەنقەست» جێبەجێ کرا.
عەلیئەکبەر سەرابیمووقەدەم و سەعید دێهقانیزادە چوار ساڵ پێش و عەباس بەیات و بۆرزوو مووسازادە سێ ساڵ پێش دەستبەسەر کرابوون و لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو.
هەروەها سزای سێدارەی سێ هاووڵاتیی بەلووچ بە ناوەکانی محەممەدعوسمان دانەبوڕچین تەمەن ٣٥ ساڵ خەڵکی ئێرانشار و باوکی سێ منداڵ، قادر خودامورادی تەمەن ٤٣ ساڵ و باوکی چوار منداڵ و محەممەدسدیق بەلووچی تەمەن ٥٥ ساڵ خەڵکی زاهیدان و باوکی شەش منداڵ بە تۆمەتەکانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان جێبەجێ کرا.
محەممەدعوسمان دانەبوڕچین و قادر خودامورادی نزیک بە چوار ساڵ پێش و محەممەدسدیق بەلووچی ٩ ساڵ پێش دەستبەسەر کرابوون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو.
هەروەها و هاوکات لەگەڵ ئەم بەندکراوانە، سزای سێدارەی سالار شێخی، هاووڵاتیی تەمەن ٢٩ ساڵی تورک خەڵکی جوڵفا، کە دوو ساڵ پێش بە تۆمەتی «دەستدرێژیی سێکسی» دەستبەسەر کرابوو و سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، لەم بەندیخانەیەدا جێبەجێ کرا.
لە لایەکی دیکەوە و لە هەمان ڕۆژدا، سزای سێدارەی پەرویز وەلیزادە، هاووڵاتیی تەمەن ٢٧ ساڵەی تورک و خەڵکی زەنجان، لە بەندیخانەی ناوەندیی زەنجان جێبەجێ کرا. ئەم بەندکراوە دوو ساڵ پێش بە تۆمەتی «کوشتنی ئەنقەست» بە پاڵنەری ئەوەی کە پاراستنی نامووس ناوی لێنراوە، دەستبەسەر کرابوو و سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.
هەروەها، بەرەبەیانی شەممە ٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٦(٣٠ی مەی ٢٠٢٦) سزای سێدارەی عیسا شەکووریان تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی گوندی هاشمئاوا سەر بە سەبزەوار، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە جێبەجێ کرا. ئەم هاووڵاتییە نزیک بە سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی «کوشتنی ئەنقەست»ی ئەندامێکی بەسیجی ١٨ ساڵە بە ناسنامەی ئەبوولفەزل وەفایی لە کاتی شەڕێکدا دەستبەسەر کرابوو و سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوانە لە میدیا حکوومەتییەکان بەتایبەت میدیاکانی پەیوەندیدار بە دەزگای دادوەری ڕانەگەیەندراوە.