ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر سزای سێدارەی دوازدە بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی و قزلحساری کەرەج

١٩ ڕەزبەر ٢٧٢٥، ١٣:٣٤

هەنگاو؛ شەممە ١٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٥

سزای سێدارەی دوازدە بەندکراو بریتی لە سێ بەندکراوی کورد بە ناوەکانی موبین سەروەری، مەحموود وەلیوڵلاهی ،ئەحمەد محەممەدی، سینا محەممەدی، حەمزە ساکی، حەسەن زارع، پدرام( نازناو نادیارە)، میلاد یاری، ئارمان کاکاوەند، بەهمەن شاه حوسێنی، عەلی سەعیدزادە فەهیمی و مەسعوود مەلەکی، کە پێشتر بە هۆی تۆمەتەکانی «کوشتنی بە ئەنقەست» و «پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان»، لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای سێدارەیان بە سەردا سەپابوو، لە بەندیخانەکانی قزلحسار، کەرەج جێبەجێ کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٥ (٨ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی حەوت بەندکراو بە ناوەکانی میلاد یاری و ئارمان کاکاوەند، ٣٢ ساڵە، هەردووکیان هاووڵاتیی کورد و خەڵکی نورئاوا سەر بە پارێزگای لوڕستان، بەهمەن شاه حوسێنی، عەلی سەعیدزادە فەهیمی، ئەحمەد محەممەدی، حەمزە ساکی و حەسەن زارع لە بەندیخانەی قزلحساری کەرەج جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەچاوەیەکی ئاگادار، بەهمەن شاه حوسێنی، عەلی سەعیدزادە فەهیمی، ئەحمەد محەممەدی، حەمزە ساکی و حەسەن زارع پێشتر بە هۆی تۆمەتە پەیوەندیدارەکان بە مادە هۆشبەرەکانەوە، هەروەها میلاد یاری و ئارمان کاکاوەندیش لە شەش ساڵ پێشەوە لە کەیسێکی هاوبەشدا هەر بەم تۆمەتەوە دەستبەسەر و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای سێدارەیان بە سەردا سەپابوو.

هاوکات هەر لەم ڕۆژەدا، سزای سێدارەی چوار بەندکراو بە ناوەکانی موبین سەروەری، ٢٧ ساڵە، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی ئیلام، مەحموود وەلی ئەڵاهی، هاووڵاتیی لوڕ و خەڵکی نەهاوەند سەر بە هەمەدان، ٤١ ساڵە و باوکی سێ منداڵ، سینا محەممەدی خەڵکی تاران و پدرام ( نازناو نادیارە)، لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج جێبەجێ کرا. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پدرام، موبین سەروەری و سینا محەممەدی هەر سێکیان پێشتر بە هۆی تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و مەحموود وەلی ئەڵاهییش لە چوار ساڵ پێشەوە بە تۆمەتی کوشتنی هاوژینەکەی خۆی، دەستبەسەر و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای سێدارەیان بە سەردا سەپابوو.

هەروەها هەر لەم ڕۆژەدا سزای سێدارەی بەندکراوێکی بەلووچ بە ناوی مەسعود مەلەکی (مەلەکزهی)، ٣٣ ساڵە، خەڵکی بەلووچستان و دانیشتووی شاری شەهر ڕزا سەر بە پارێزگای ئەسفەهان، لە بەندیخانەی دەستگردی ئەسفەهان جێبەجێ کرا. ئەم بەندکراوە لە حەوت ساڵ پێشەوە بە هۆی تۆمەتە پەیوەندیدارەکان بە مادە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو.

تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هەواڵی لە سێدارە دانی تەنیا پەنج کەس لەم بەندکراوانە و ئەویش بە بێ سەرنج دان بە ناسنامەی ئەوان، لە میدیاکانی حکومەتی بڵاو کراوەتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە