جێبەجێ کرانی سزای سێدارەی شەش بەندکراو لە بەندیخانەکانی دێزفوول، زاهیدان، کەرەج و ئیسفەهان

هەنگاو؛ یەکشەممە ١٦ی خەرمانانی ٢٧٢٥
سزای سێدارەی شەش بەندکراو بە ناوەکانی تالیب تەوەکولی، مەسعوود قەنبەرزهی، داریوش بەهرامی، محەممەد بیکار، تاهر ڕەسووڵپوور و موسلم ساڵح خانی، کە پێشتر بە بۆنەی تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و تۆمەتە پەیوەندیدارەکان بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لە کەیسی جیادا سزای سێدارەیان بە سەردا سەپابوو، لە بەندیخانەکانی دێزفوول، زاهیدان، بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج و ئیسفەهان جێبەجێ کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی خەرمانانی ٢٧٢٥ (٧ی سپتامبری ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی عەرەب بە ناوی تالب تەوەکولی، ٣٧ ساڵە، خەڵکی دێزفوول سەر بە پارێزگای خوزستان لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ کرا. ئەم بەندکراوە لە چوار ساڵ پێشەوە بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر کرابوو و سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو.
هاوکات، سزای سێدارەی بەندکراوێکی بەلووچ بە ناوی مەسعود قەنبەرزهی، ٣٨ ساڵە و خەڵکی گوربەند سەر بە زاهدان، لە بەندیخانەی ناوەندیی زاهدان جێبەجێ کرا. ئەم بەندکراوە لە ١٠ ساڵ پێشەوە بە تۆمەتی کوشتنی ٩ کەس دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو.
هەروەها هەر لەم ڕۆژەدا، سزای سێدارەت بەندکراوێکی کورد بە ناوی داریوش بەهرامی، خەڵکی گوندی «کول بادام» تەڕهان سەر بە کۆیەشت و باوکی دوو منداڵ، کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج «بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج» جێبەجێ کرا.
لە لایەکی ترەوە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ١٥ی خەرمانانی ٢٧٢٥ (٦ی سپتامبر ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی گیلەک بە ناوی تاهر ڕەسووڵپوور، ٢٨ ساڵە و خەڵکی بەندەر ئەنزەلی و دوو بەندکراوی دیکە بە ناوەکانی محەممەد بیکار، ٣٤ ساڵە و خەڵکی کاشان، موسڵم ساڵح خانی، ٤١ ساڵە و خەڵکی ئەسفەهان لە بەندیخانەی دەستگردی ئیسفەهان جێبەجێ کرا.
محەممەد بیکار لە پێنج ساڵ پێشەوە بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و دوو بەندکراوەکەی دیکەش بە تۆمەتە پەیوەندیدارەکان بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای سێدارەیان بە سەردا سەپابوو.
تا کاتی داڕشتنی هەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لە سێدارەدانی ئەم شەش بەندکراوە لە میدیاکانی حکوومەتی بە تایبەت میدیاکانی پەیوەندیدار بە دەزگای دادوەریی بڵاو نەکراوەتەوە.