ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێکرانی سزای سێدارەی حەوت بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئیسفەهان، قزڵحیسار، سمنان، سنە و بوویین زەهرا

هەنگاو؛ چوارشەممە ۲۶ی خەرمانانی ۲۷۲۵
سزای سێدارەی حەوت بەندکراو بریتی لە دوو بەندکراوی بەلووچ و دوو بەندکراوی کورد بەناوەکانی نەدیم ئەشرەفزادە، عەبدولقادر سەرگوڵزایی، عەلی ئیسماعیلی، ڕەحمان سەرلەک، موحسین یەگانە، سابیر کووشافەر و عەلی ئەوسەت ئەکبەری، کە پێشتر بە تۆمەتی «پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان» و «کوشتنی بە ئەنقەست» لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەکانی ئیسفەهان، قزڵحیسار، سمنان، سنە و بوویین زەهرا جێبەجێ کراوە.
به پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ۲۶ی خەرمانانی ۲۷۲۵ (۱۷ی سێپتەمبەری ۲۰۲۵)، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی بەلووچ بەناوەکانی نەدیم ئەشرەفزادە تەمەن ۳۸ ساڵ و خەڵکی چابەهار و عەبدولقادر سەرگوڵزایی، تەمەن ۳۶ ساڵ و خەڵکی زاهیدان له بەندیخانەی ناوەندیی ئیسفەهان (بەندیخانەی دەستگرد) جێبەجێ کرا.
نەدیم ئەشرەفزادە لە هەشت ساڵ پێش و عەبدولقادر سەرگوڵزایی لە ۱۰ ساڵ پێشترەوە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
هاوکات و لە هەمان ڕۆژدا سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بەناوی عەلی ئیسماعیلی، خەڵکی نوراوا و باوکی دوو منداڵ و بەندکراوێکی دیکە بەناوی ڕەحمان سەرلەک کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا. ئەو دوو بەندکراوە ڕۆژی یەکشەممە ۲۳ی خەرمانان، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەیان بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج گواسترابوونەوە.
هەروەها لە هەمان ڕۆژ، سزای سێدارەی بەندکراوێک بەناوی موحسین یەگانە کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو لە بەندیخانەی ناوەندیی سمنان جێبەجێ کرا.
لە لایەکی دیکەوە ڕۆژی دووشەممە ۲۴ی خەرمانانی ۲۷۲۵ (۱۵ی سێپتەمبەر)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بەناوی سابیر کووشافەر، خەڵکی کرماشان کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە جێبەجێ کرا.
بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ۳۰ی گەلاوێژی ۲۷۲۵ (۲۱ی ئاگۆست)، سزای سێدارەی بەندکراوێک بەناوی عەلی ئەوسەت ئەکبەری، تەمەن ۵۰ ساڵ، خەڵکی گوندی «شاخدار»ی سەر بە شارۆچکەی ئابگەرمی شاری بوویین زەهرا لە بەندیخانەی ناوەندیی بویین زەهرا لە پارێزگای قەزوین جێبەجێ کرا.ئەو بەندکراوە حەوت ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە ئەنجامی کێشەیەکی موڵکیدا دەستبەسەر کرابوو و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو حەوت بەندکراوە لە میدیا حکوومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.