بەندیخانەی سەقز؛ گواستنەوەی جەهانگیر ڕەحیمی بۆ ژووری تاکەکەسی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەی
هەنگاو؛ دووشەممە ١٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤
بەندکراوێک بە ناوی جەهانگیر ڕەحیمی (موسلیم)، کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەی بۆ ژووری تاکەکەسی بەندیخانەی ناوەندیی سەقز گواسترایەوە و مەترسیی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ناوبراو لە ئارادایە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (٤ی نۆڤامبەری ٢٠٢٤)، جەهانگیر ڕەحیمی، بەندکراوی خەڵکی سەقز بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەی بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گواستراوەتەوە و مەترسی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدانی ناوبراو لە ڕۆژانی داهاتوو لە ئارادایە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم بەندکراوە ماوەی دوو ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستی کەسێک بەناوی مەلا سەلاحەدین دەستبەسەر و لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
شایانی باسە کە، بەرپرسانی بەندیخانە بە بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییەیان ڕاگەیاندووە کە سزای لەسێدارەدانی جەهانگیر ڕەحیمی ڕۆژی چوارشەممە جێبەجێ دەکرێت.