دەستبەسەرکرانی سروە پوورمحەممەدی، مامۆستای خۆبەخشی زمانی کوردی بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای پێنج ساڵ بەندکرانەکەی

هەنگاو؛ شەممە ۳۰ی خاکەلێوەی ٢٧٢۵
سروە پوورمحەممەدی، لە ئەندامانی چالاکی ڕێکخراوی نۆژین و مامۆستایانی زمانی کوردی
بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای پێنج ساڵ بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە، کە ناوەندە حکومەتییەکان بە ناوەندی چاکسازی و پەروەردە دەیناسێنن، گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ۳۰ی خاکەلێوەی ۲۷۲۵ (۱۹ی ئەپریلی ۲۰۲۵)، سروە پوورمحەممەدی، تەمەن ۳۶ ساڵ و لە مامۆستایانی خۆبەخشی زمانی کوردی پاش بانگکران بۆ لقی جێبەجێکرانی سزاکانی شاری سنە دەستبەسەر کرا و بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای پێنج ساڵ بەندکرانەکەی بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواسترایەوە.
سروە پوورمحەممەدی مانگی خەزەڵوەری ۲۷۲۳ لە لایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر کەرەمی و بە تۆمەتی "پێکهێنانی گرووپ بەمەبەستی تێکدانی ئاسایش" سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.
ئەو سزایە پاییزی ساڵی ڕابردوو لە لایەن دادگای پێداچوونەوەی سنە بۆ پێنج ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو کەم کرایەوە کە ڕۆژی دووشەممە ۵ی سەرماوەزی هەمان ساڵ بەشێوەی فەرمی بە ناوبراو راگەیێندرابوو.
سروە پوورمحەممەدی ڕۆژی یەکشەممە ٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ دوای سەردانی دادگای سنە بەمەبەستی بەدواداچوونی دۆسیەی ئەندامانی دەستبەسەرکراوی ئەنجوومەنی نۆژین، لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
ناوبراو پاش دوو حەوتوو دەستبەسەربوون، لە ڕێکەوتی ٢٤ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.