قوروە؛ جێبەجێکردنی سزای لێدانی قامچی ندا دەدەجانی و ستایش سەرابی و گواستنەوەیان بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە
هەنگاو؛ سێشەممە ۳ی خەرمانانی ۲۷۲۶
سزای نامرۆڤانەی لێدانی قامچی دوو چالاکی ژنی کورد و خەڵکی شاری قوروە بەناوەکانی ندا دەدەجانی و ستایش (بێهنووش) سەرابی، لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانباری ۲۷۲۵، لە لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای قوروە جێبەجێ کرا و هەردووکیان بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەیان بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواسترانەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ۳۱ی گەلاوێژی ۲۷۲۶ (۲۲ی ئاگۆستی ۲۰۲۶)، ندا دەدەجانی و ستایش سەرابی، دوو ژنی چالاکی خەڵکی شاری قوروە، بەشێوەیەکی فریوبازانە و بە مەبەستی پێشکەشکردنی شرۆڤە بانگهێشتی دادگای قوروە کران و دەستبەجێ لە کاتی چوونەژوورەوەیاندا دەستبەسەر کران و سزای لێدانی قامچییەکەیان جێبەجێ کرا. پاش جێبەجێکردنی سزای لێدانی قامچی بەمەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی بەندکرانەکەیان بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواسترانەوە.
هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە سزای قامچی و بەندکرانی ئەو دوو چالاکە ژنە لەحاڵێکدا جێبەجێ کراوە کە پێشتر داوای ئازادی بە پێبەندی ئەلیکترۆنییان کردبوو و تا ئێستا هیچ وەڵامێکیان سەبارەت بەو بابەتە پێ نەدراوەتەوە.
ندا دەدەجانی، هونەرمەند، بووکەڵەگێڕ، دیزاینەری جلوبەرگ و گریمۆری تیاتر (براوەی خەڵاتی بووکەڵەگێڕی و دیزاینی بووکەڵە لە هەشتەمین فێستیڤاڵی تیاتری ناوچەیی خاوەن پێداویستییانی تایبەت)، لە ڕەوتی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانباری ۲۷۲۵ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری قوروە دەستبەسەر کرابوو.
هەروەها، ستایش (بێهنووش) سەرابی، خەڵکی قوروە لە ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانباری ۲۷۲۵ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری قوروە دەستبەسەر کرابوو.
پێشتر لقی ۱۰۲ی دادگای تاوانەکانی دووی شاری قوروە بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی گشتی» سزای یەک ساڵ بەندکران، ۳۱ قامچی و ۲ ساڵ دوورخستنەوە بۆ شاری نیکشار سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستانی بەسەر هەر یەک لەو دوو هاووڵاتییە سەپاندبوو. هەروەها بە تۆمەتی «پێکهێنانی باند و گرووپ بە مەبەستی ئەنجامی تاوان دژ بە ئاسایشی نیشتمانی» لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی قوروە سزای ۲ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرابوو.
کەڵکوەرگرتن لە سزای نامرۆڤانەی قامچی، نموونەیەکی ڕوون لە ئەشکەنجەدان و پێشێلکردنی ئاشکرای ماددەی ۷ی پەیمانی نێونەتەوەیەیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان و ماددەی ۵ی بانگەوازی جیهانیی مافەکانی مرۆڤە.