کرمان؛ دەستبەسەرکردنی سێ ژنی بەهایی بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران

٥ بانەمەڕ ٢٧٢٦، ١٤:٣٩

 

هەنگاو؛ شەممە ٥ی بانەمەڕی ٢٧٢٦

بوشرا مستەفەوی، ناهید نەعیمی (ئەلێنا) و دیدار ئەحمەدی، سێ ژنی بەهایی دانیشتووی ڕەفسەنجان، بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزای بەندکردنیان دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی کرمان گوازرانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٥ی بانەمەڕی ٢٧٢٦ (٢٥ی ئەپریلی ٢٠٢٦)، بوشرا مستەفەوی، ناهید نەعیمی و دیدار ئەحمەدی، سێ ژنی بەهایی خەڵکی ڕەفسەنجان دوای بانگکرانیان بۆ یەکەی جێبەجێکردنی سزاکان، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٤ مانگ بەندکردنیان ڕەوانەی بەندیخانەی کرمان کران.

ئەم سێ هاووڵاتییە پێشتر لەلایەن لقی ٧ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای کرمان بە تۆمەتی "بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامی" هەر کامەیان سزای ٤ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپابوو. ئەمە لەکاتێکدایە کە لقی ٣ی دادگای تاوانەکانی ڕەفسەنجان پێشتر بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست سزای بێبەریبوونی بۆ دەرکردبوون، بەڵام ئەو بڕیارە بە ناڕەزایەتیی داواکاری گشتیی ڕەفسەنجان لە قۆناغی پێداچوونەوەدا هەڵوەشێندرایەوە.

سەرچاوە ئاگادارەکان بە هەنگاویان ڕاگەیاندووە کە دادوەری دادگای پێداچوونەوە لە کاتی دانیشتنەکانی دادگاییکردندا، بە ڕوانگەیەکی تەواو جیاکارییانە ڕووی لەو هاووڵاتییانە کردووە و وتوویەتی: "ئێوە بەهایین و دەبێ لە وڵاتێکی ئیسلامیدا باجی بەهاییبوونی خۆتان بدەن." ئەم لێدوانانە بە ڕوونی نیشاندەری دەرکردنی سزای دادوەرییە لەسەر بنەمای بیروباوەڕی ئایینی نەک بەڵگەنامە یاساییەکان.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دەستبەسەرکردن و بەندکردنی ئەم هاووڵاتییانە بە نموونەی بەرچاوی پشکنینی بیروباوەڕ و سەرکوتی سیستماتیکی کەمینە ئایینییەکان لە ئێران دەزانێت. هەنگاو جەخت دەکاتەوە کە بێبەشکردنی هاووڵاتییان لە مافە سەرەتاییەکانیان بەهۆی باوەڕی ئایینی، پێشێلکارییەکی زەقی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ و پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران پابەندە بە ڕەچاوکردنیان.

 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە