بۆكان؛ ڕاپۆرتێک لەسەر سەپاندنی سزا و جێبەجێكرانی ئەو سزایە بۆ سەر بەفرین مەعروفی

هەنگاو؛ یەكشەممە ٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٥
بەفرین مەعرووفی، هاووڵاتیی خەڵكی شاری بۆكان دوای سەپاندنی سزای بەندكران لە لایەن دەزگای دادوەری كۆمارت ئیسلامیی ئێران، بە مەبەستی جێبەجێكرانی ئەم سزایە دەستبەسەر و بۆ بەندیخانە گواستراوەتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەكشەممە ٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٥ (٢٥ی مەی ٢٠٢٥)، بەفرین مەعرووفی، هاووڵاتیی تەمەن ٤٤ ساڵ و خەڵكی بۆكان بە مەبەستی جێبەجێكرانی سزای بەندكرانەكەی، دەستبەسەر و بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواسترایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەكی نزیک لە بنەماڵەی مەعرووفی، بەفرین مەعرووفی لەم دواییانەدا لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەكانی بۆكان بە تۆمەتی “هاوكاری لەگەڵ حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران” سزای ٤ مانگ و ٧ ڕۆژ بەندكرانی بەسەردا سەپێندرابوو.
ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە ٢٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (١٥ی فێبریوەریی ٢٠٢٥)، دوای ١٦ ڕۆژ دەستبەسەركران لە كۆتاییدا بە دانانی بارمتر و بە شێوەی كاتی تا كاتیی كۆتاییهاتنی دادگاییەكەی لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد كرا.
بەفرین مەعرووفی، ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی ڕێبەندان (٣٠ی جەنیوەری)، لە ماڵەكەی خۆی و بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەكی دادوەری لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لە بۆكان دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە گواسترایەوە.