کەمکردنەوەی سزای بەندکرانی ئازاد عەباسی، بەرپرسی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی نۆژین بۆ یەک ساڵ بەندکران
هەنگاو؛ شەممە ١٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤
سزای سێ ساڵ بەندکرانی ئازاد عەباسی، مامۆستای زمانی کوردی، بەرپرسی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی نۆژین و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" کە سزای بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی قوروە تێپەڕ دەکات، لە لایەن دادگای پێداچوونەوە سەرجەم بۆ یەک ساڵ بەندکران کەم کرایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا سزای سێ ساڵ بەندکرانی ئازاد عەباسی، چالاکی مەدەنی و بەرپرسی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی ڕێکخراوی ناحکومەتیی نۆژین لە دادگای پێداچوونەوەدا لە سێ ساڵەوە بۆ یەک ساڵ بەندکران کەم کراوەتەوە.
ئەو هاووڵاتییە پێشتر لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی دووی دێولان بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە خامنەیی" سزای دوو ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەی دژ بە حکومەت" سزای یەک ساڵ بەندکران و سەرجەم سزای سێ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو کە بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، سەختترین سزا واتا سزای دوو ساڵ بۆ ناوبراو جێبەجێ دەکرا. ئێستا ئەو سزایە بە ڕیز بۆ هەشت مانگ و چوار مانگ بەندکران و سەرجەم بۆ یەک ساڵ بەندکران کەم کراوەتەوە.
ئازاد عەباسی ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (٣١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، دوای بانگکران و ڕۆیشتن بۆ جێبەجێکرانی سزاکانی قوروە بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای دوو ساڵ بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترایەوە.
ئازاد عەباسی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و دوایین جار ٢٧ی خەرمانانی ٢٧٢٣ و هاوکات لەگەڵ ساڵیادی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" دەستبەسەر کرابوو.
شایانی باسە کە، ئازاد عەباسی لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" لەگەڵ سیرووس عەباسی، براکەی دەستبەسەر کرابوو و دوای سێ مانگ بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرابوو. ناوبراو لە ئاکامدا لەلایەن لقی دووەمی دادگای تاوانەکانی دێولان سزای ٦ ساڵ و ٤ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.