پیرانشار؛ حاجی بەرزە لە مامۆستایانی زمانی کوردی سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا
هەنگاو؛ هەینی ١٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٤
حاجی بەرزە، چالاکی مەدەنیی کورد و خەڵکی پیرانشار و لە مامۆستایانی زمانی کوردی لە دامەزراوەی فێرکاری زمانی کوردی "بەیان" لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە سزای پێنج مانگ بەندکران و پێ بژاردنی پارە مەحکووم کرا. ناوبراو بە هۆی بەشداریکردنی لە لە ڕێوڕەسمی نەورۆز دەستبەسەر کرابوو.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا، حاجی بەرزە، لە مامۆستایانی زمانی کوردی لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی پیرانشار بە سەرۆکایەتی دادوەر "ئەمیر محەممەدی" بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی حکومەت" سزای ٥ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی ناڕاستییەکان" سزای پێ بژاردنی ١٥ ملیۆن تمەنی بەسەردا سەپێندراوە.
حاجی بەرزە، چالاکی مەدەنی و لە چالاکانی ژینگەپارێزیی خەڵکی گوندی " چیانە"ی سەر بە پیرانشار، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٨ی مەی ٢٠٢٤) لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ شوێنی کارەکەی بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەکی دادوەری دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە ئورمیە گواسترایەوە.
ناوبراو لە کۆتاییدا دوای سێ هەفتە دەستبەسەرکران لە ڕێکەوتی ٧ی جۆزەردان، بە دانانی بارمتەی دوو ملیار و ٥٠٠ تمەنی بە شێوەیەکی کاتی و تا کاتی کۆتاییهاتنی دادگاییەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کرابوو.
شایانی باسە کە، حاجی بەرزە برای باپیرە بەرزە، بەندکراوی سیاسیی کوردە کە لە ئێستادا ماوەی سزای ٤ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە تێپەڕ دەکات.