بۆکان؛ سووسەن حەسەن‌زادە مامۆستای زمانی کوردی سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

٢٠ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١٠:٤٢

هەنگاو؛ هەینی ٢٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

سووسەن حەسەن‌زادە، چالاکی مەدەنی و لە مامۆستایانی خۆبەخشی زمانی کوردی کە بەهاری ئەم ساڵ بۆ ماوەی مانگێک دەستبەسەر کرابوو، لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سووسەن حەسەن‌زادە چالاکی مەدەنی و مامۆستای خۆبەخشی زمانی کوردی لە شاری بۆکان، لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی بۆکان بە تۆمەتی "بانگەشە دژی حکومەت" سزای سێ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

سووسەن حەسەن‌زادە، لە ڕێکەوتی ٢٦ی بانەمەڕێ ٢٧٢٤ (١٥ی مەی ٢٠٢٤)، لە ڕەوتی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی بە بەکارهێنانی توندوتیژی و بە بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەرکرابوو.

ناوبراو لە کۆتاییدا ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی جۆزەردانی٢٧٢٤ (١٢ی جوونی ٢٠٢٤)، بە دانانی بارمتەی ٨٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەیەکی کاتی و تا کاتی تەواوبوونی دادگاییەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرا.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە، سووسەن حەسەن زادە لە ماوەی دەستبەسەربوونەکەیدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە و تەنیا جارێک پەیوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە