شنۆ؛ ڕاپۆرتێک لەسەر سەپاندن و جێبەجێکردنی سزای بەندکرانی عومەر محەممەدی، شاعیر و نووسەری کورد
هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٠ی سەرماوەزی ۲۷۲۵
عومەر محەممەدی، شاعیر و نووسەری کوردی خەڵکی شاری شنۆ کە لە ڕەوتی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا دەستبەسەر کرابوو لەم دواییانەدا لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ۵ ساڵ و ۶ مانگ بەندکران و ۴ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندراوە و لە دوو مانگ پێشەوە بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی شنۆ گواستراوەتەوە. ئەوە لەحاڵێکدایە کە ناوبراو سەرەڕای نەخۆشبوونی لە مافی دەستڕاگەیشتن بە چارەسەریی پزیشکی بێبەش ماوەتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، عومەر محەممەدی، شاعیر و نووسەری تەمەن ۵۴ ساڵ و خەڵکی شاری شنۆ، لە لایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارە سزای ۵ ساڵ و ۶ مانگ بەندکران و هەروەها ۴ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندرا. ناوبراو لە دوو مانگ پێشەوە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شنۆ گواستراوەتەوە.
شایەنی باسە کە، ئەو هاووڵاتییە لە پەیوەندی لەگەڵ چالاکییەکانی لە بواری بەڕێوەبردنی خولی فێرکاریی زمانی کوردیدا تۆمەتی دراوەتە پاڵ.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەدا بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە کە، عومەر محەممەدی سەرەڕای تووشبوونی بە دیسکی کەمەر، شەکرە، پەستانی خوێن و کێشەی گورچیلە، بەبێ دەستڕاگەیشتن بە حەبەکانی سزای بەندکرانەکەی تێپەڕ دەکات و لە بارودۆخێکی جەستەیی نەگونجاودایە. ئەو سەرچاوە هەروەها ڕایگەیاند کە عومەر محەممەدی بەهۆی تووشبوونی بە نەخۆشیی شەکرە پێویستە ڕۆژانە چوار دۆز دەرزی ئەنسۆلین لێ بدات.
عومەر محەممەدی ڕۆژی پێنجشەممە ۲۹ جۆزەردانی ۲۷۲۵ (۱۹ی ژۆئەنی ۲۰۲۵) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ماڵەکەی خۆیدا لە شاری شنۆ دەستبەسەر کرا.