سزای ٢ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی سەجاد حائیری، نووسەر و مامۆستای زمانی کوردی پشتڕاست کرایەوە
هەنگاو؛ دووشەممە ٢٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٦
سزای دوو ساڵ و شەش مانگ بەندکرانی سەجاد حائیری، نووسەر، دەرهێنەر و مامۆستای زمانی کوردی و خەڵکی ئیلام، لەلایان دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تاران وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا سزای بەندکرانی سەجاد حائیری لەلایان دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تارانەوە پێداچوونەوەی لەسەر کرا و بەبێ هیچ گۆڕانکارییەک وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە. بەپێی ئەم بڕیارە ناوبراو سزای ٢ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی و هەروەها سزای تەواوکەری بەسەردا سەپاوە.
سەجاد حائیری پێشتر لەلایان دادگای شۆڕشی شاری دەماوەند (پارێزگای تاران) بە تۆمەتەکانی «چالاکیی بانگەشەیی دژی نیزام» و «تێکدانی بیروڕای گشتی لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی درۆو دەلەسە» بە گشتی سزای دوو ساڵ و شەش مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو. دادگاکە هەروەها ناوبراوی وەکوو سزای تەواوکەر بە دوو ساڵ قەدەغەکردن لە ئەندامەتی لە حیزب، گرووپ و دەستە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و دوو ساڵ قەدەغەکردنی تەواو لە چالاکی لە سۆشیال میدیا سزا دابوو کە ئەم بڕیارانە ئێستا تەواو یەکلا بوونەوە.
ئەم مامۆستای زمانی کوردییە سەرەتا لە ڕێکەوتی ٢١ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ لەلایان هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە بە هەڵکوتانە توندووتیژانە بۆ سەر ماڵە کەسییەکەی لە دەماوەند دەستبەسەر کرا. لە کاتی دەستبەسەرکرانی ناوبراو، کەلوپەلی تاکەکەسی وەک مۆبایل، لاپتۆپ و زیاتر لە سەد بەرگ کتێبی پەیوەندیدار بە فێرکردنی زمانی کوردی ، دەستیان بەسەردا گیرا.
ناوبراو دوای تێپەڕاندنی لێپرسینەوە، لە ٣٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ بە بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرا؛ بەڵام تەنیا دوو هەفتە دواتر، لە ڕێکەوتی ١٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ جارێکی دیکە بانگی ناوەندی دادوەری کرا و دوای سەپاندنی تۆمەتی نوێ، بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرا.