سنە؛ ئیدریس مینبەری، مامۆستای زمانی کوردی سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

٢١ سەرماوەز ٢٧٢٤، ٠٠:٠٠

هەنگاو، سێشەممە ٢٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٤

ئیدریس مینبەری، چالاکی مەدەنی، مامۆستای زمانی کوردی و لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی نۆژین دوای هەڵوەشاندنەوەی سزای دە ساڵ بەندکرانی ناوبراو لە لایەن دادگای پێداچوونەوە و ناردنی دۆسیە بۆ لقی هاوتەریب، لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە یەک ساڵ بەندکران و یەک ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو بە ماوەی سێ ساڵ، و سەرجەم بە سزای دوو ساڵ بەندکران مەحکووم کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا ئیدریس مینبەری، چالاکی مەدەنی و لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی نۆژین لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە تۆمەتی "پێکهێنانی گرووپ و دەستە بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات" سزای یەک ساڵ بەندکران و سزای یەک ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو، کە بۆ ماوەی سێ ساڵ ڕاگیراوە، بەسەریدا سەپێندرا. سزای دەرچوو ڕۆژی ١٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (٩ی دیسەمبەری ٢٠٢٤) بەم هاووڵاتییە ڕاگەیێندراوە.

ئەم چالاکە مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردییە خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو لەگەڵ سروە پوورمحەممەدی لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر کەرەمی، هەر یەک سزای دە ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرابوو کە ئەم سزایە لە لایەن دادگای پێداچوونەوە هەڵوەشایەوە و دۆسیەی ناوبراو دیسان بۆ دادگای شۆڕشی سنە نێردرابوویەوە.

ئیدریس مینبەری، پێشتر لە لایەن لقی ١٠٦ دادگای تاوانەکانی دووی ئەم شارە بە سەرۆکایەتی بەهمەن ئومیدزادە، بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی" سزای یەک ساڵ بەندکران بە هەژمارکردنی ماوەی پێشووی دەستبەسەرکرانەکەی و لەگەڵ دوورخرانەوەی بۆ بەندیخانەی دیزڵ ئاوای کرماشان و هەروەها ٤٠ زەربەی قامچی پلەی ٦ی بەسەردا سەپێندرابوو.

ناوبراو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٢، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و ڕۆژی یەکشەممە ٩ی ڕێبەندانی ئەو ساڵە، دوای ٤٣ ڕۆژ دەستبەسەرکران، بە دانانی بارمتەی یەک میلیاردی بە شێوەیەکی کاتی تا کۆتاییهاتنی دادگاییەکەی ئازاد کرا.

شایانی باسە کە، ئەم چالاکە مەدەنییە پێشتر لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی جۆزەردانی ٢٧١٩، لە ڕەوتی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە هاوکات لەگەڵ دوو ئەندامی دیکەی نۆژین دەستبەسەر کرابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە