بەندکراوی سیاسیی کورد، وریشە مورادی سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا
هەنگاو: یەکشەممە، ٢٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤
وریشە مورادی، چالاکی سیاسی، پارێزەری مافەکانی ژنان و ئەندامی کژار (کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تۆمەتی "بەغی" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. لەم دواییانەدا، ناوبراو بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر چالاکاندا، بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ مانی لەخواردن گرت.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی سنە کە لە ئێستادا لە بەندیخانەی ئەوین بەندکراوە، لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر "ئەبولقاسم سەڵواتی" بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگای ئەندامییەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. ئەم سزایە لە ڕێکەوتی ٢٠ی خەزەڵوەر بەشێوەیەکی فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیێندراوە.
شیاوی ئاماژەپێدانە کە، لە ماوەکانی ڕابردوودا دوایین دانیشتنی دادگای وریشە مورادی لە ڕێکەوتی ١٤ی ڕەزبەری ئەم ساڵ بەڕێوەچوو. پارێزەرکانی وریشە مورادی لە یەکەمین (٢٧ی جۆزەردان) و دووەمین دانیشتنی دادگاییەکەیدا مافی خوێندنەوەی دۆسییەی ناوبراویان پێنەدراوە و تەنانەت وریشە مورادیش مافی پارێزگاریکردن لەخۆی پێنەدراوە.
وریشە مورادی لە ڕۆژی ١٩ی ڕەزبەر (١٠ی ئۆکتۆبەر) و هاوکات لەگەڵ (ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی سزای سێدارە) بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە سەپاندرانی سزای سێدارە و لەسێدارەدرانی چالاکان لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە مانی لەخواردن گرت، کە بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژی خایاند.
لە ماوەکانی ڕابردوودا و لە دۆسییەیەکی دیکەدا، وریشە مواردی لەگەڵ چوار چالاکوانی سیاسیی دیکەدا، بەندکراو لە بەندیخانەی ئەوین لەلایەن دادگای تاوانەکانی دوو "مجتمع"ی دادوەریی قودسی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەبولفەزڵ عامری شەهرابی سزای شەش مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
وریشە مواردی لە ڕۆژی ٥ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، دوای پێنج مانگ بەندکران لە بەندی تاکەکەسی دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعات ناسراو بە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئەوین، بۆ بەندی ژنانی ئەم بەندیخانەیە گواسترایەوە. ناوبراو لە کۆتاییەکانی گەلاوێژی ساڵی ٢٧٢٣، دوای لێکۆڵینەوە وئەشکەنجە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە بۆ بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئەوین گواسترابووەوە.
وریشە مواردی، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (یەکی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، لە ڕێگای مەریوان بۆ سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە ڕفێندرابوو. ناوبراو لەکاتی ڕفاندنیدا کەوتبووە بەر لێدانی توندی ئەم هێزانە و بەبێ پێڕاگەیشتنی پزیشکی بۆ دەستبەسەرگە گواسترابووەوە.
پێشتر هەنگاو، لە ڕاپۆرتێکدا لەبارەی بارودۆخی ناوبراو بڵاویکردبووەوە، کە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری سنە، وریشە مورادی لەژێر ئەشکەنجەی سەختی ئەم ناوەندە ئەمنییەتییەدا خوێنی هەڵهێناوەتەوە و لەهۆشچووە.