جێبەجێکرانی سزای سێدارەی حەوت بەندکراو لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج که سێ کەسیان کورد بوون

٢٣ خەزەڵوەر ٢٧٢٤، ١٧:١٦

هەنگاو؛ چوارشەممە، ٢٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤

سزای لەسێدارەدانی لانی کەم حەوت بەندکراو لەوانە ژنێک، سێ بەندکراوی کورد و بەندکراوێکی خەڵکی ئەفغانستان کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" و تۆمەتەکانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا. ناسنامەی ئەو بەندکراوانە بریتین لە خالید تاجیک، ئەحمەد عەلیزادە، سامان بوزورگی لەگەڵ ژنێک (نازناو نادیار)، حەمزە تورکاشوەند، جەعفەر ڕەستگار و موحسین مورادی.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (١٣ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی سێ بەندکراوی کورد بە ناوەکانی موحسین مورادی (ڕاستگوزادە) خەڵکی شاری نوورئاوا، حەمزە تورکاشوەند خەڵکی کەنگەڤەر و جەعفەر ڕەستگار خەڵکی هەرسین، کە پێشتر بە تۆمەتەکانی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرکان ئەو سزایەیانبەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا.

هاوکات سێ بەندکراوی پیاو بە ناوەکانی ئەحمەد عەلیزادە، تەمەن ٢٦ ساڵ، خالید تاجیک، بەندکراوی خەڵکی وڵاتی ئەفغانستان، سامان بوزورگی و ژنێک کە هەنگاو بەدواداچوون بۆ ناسننامەکەی دەکات و سەرجەمیان پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو، لەم بەندیخانەیدا جێبەجێ کراوە.

جی ئاماژەیە کە، ئەحمەد عەلیزادە، شەش ساڵ لەمەوبەر کاتێک تەمەنی ٢٠ ساڵ و خوێندکار بوو، بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" دەستبەسەرکرا و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

سزای لەسێدارەدانی ناوبراو پێشتر لە ٨ی بانەمەڕی ئەمساڵ لە بەندیخانەی قزڵحیسار جێبەجێکرا و لە کاتێکدا بۆ ماوەی ٢٨ چرکە بە پەت هەڵواسرابوو؛ لەسەر داوای بنەماڵەی کوژراوەکە کێشرایە خوارەوە و دواجار دوای بەهۆشهاتنەوەی بۆ بەندی بەندیخانە گەڕێندرایەوە.

هەتا کاتی نووسینی ئەم هەواڵە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو بەندکراوانە لە میدیاکانی حکومەت بەتایبەت میدیاکانی نزیک لە دەزگای دادوەرییەوە ڕانەگەیەندراوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە