ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێکردنی سزای سێدارەی پێنج بەندکراو لەوانە سێ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج

١٩ ڕێبەندان ٢٧٢٥، ١٥:٢٠

هەنگاو؛ یەکشەممە ١٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥

سزای سێدارەی پێنج بەندکراو لەوانە سێ بەندکراوی کورد و بەندکراوێکی خەڵکی ئەفغانستان بە ناوەکانی سەعید مەلەکیان، ئەحمەد حەیدەری، فەرهاد حەیدەری، ئەمیرحوسێن مایلی و ئەحمەد فەرهاد حەیدەری، کە پێشتر بە تۆمەتەکانی "پێوەندیدار بە تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان" و "کوشتنی ئەنقەست" لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ (٣ی فێبریوەریی ٢٠٢٦)، سزای سێدارەی دوو برا خەڵکی کۆیەشت سەر بە پارێزگای لوڕستان بە ناوەکانی ئەحمەد حەیدەری و فەرهاد حەیدەری لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج جێبەجێ کرا. ئەم دوو بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتەکانی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو.

لەلایەکی دیکەوە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ (٢٨ی ژانویە)، سزای سێدارەی دوو بەندکراو بە ناوەکانی سەعید مەلەکیان (٣٢ ساڵ)، خەڵکی هەرسینی سەر بە کرماشان و ئەمیرحوسێن مایلی لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج جێبەجێ کرا. سەعید مەلەکیان لە نزیکەی شەش ساڵ پێشەوە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست و ئەمیرحوسێن مایلیش بە تۆمەتی هاوشێوە دەستبەسەر و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو.

هەروەها، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (٩ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی خەڵکی ئەفغانستان بە ناوی ئەحمەد فەرهاد حەیدەری، خەڵکی هەرات، لە هەمان بەندیخانەدا جێبەجێ کرابوو. ئەم بەندکراوەش لە شەش ساڵ پێشەوە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست دەستبەسەر و سزای قیساسی بەسەردا سەپابوو.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوانە لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیاکانی سەر بە دەزگای دادوەریەوە ڕانەگەیەندراوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە