ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێکرانی سزای سێدارەی شەش بەندکراو لە بەندیخانەکانی کەرەج لەوانە سێ بەندکراوی کورد

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٥
لە ماوەی هەفتەی ڕابردوو لانی کەم سزای سێدارەی ٩ بەندکراو لەوانە سێ بەندکراوی کورد و بەندکراوێکی خەڵکی وڵاتی ئەفغانستان لە بەندیخانەکانی ناوەندیی کەرەج و قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کراوە کە پێشتر هەنگاو هەواڵی سێ کەسیانی ڕاگەیاندبوو.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەر لە بەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٥ (١٥ی ئەپریلی ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی لانی کەم سێ بەندکراو بە ناوەکانی عەلی شاهی خەڵکی دولفان، سەجاد یارمحەممەدی و مەجید ڕووحی لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج جێبەجێ کرا.
ئەم سێ بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
لە لایەکی دیکەوە و ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی خاکەلێوە (٩ی ئەپریل) سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد و خەڵکی کرماشان بە ناوەکانی سەجاد ئەکبەری تەمەن ٢٧ ساڵ و مەیسەم وەیسی تەمەن ٤٣ ساڵ لەگەڵ کەسێکی خەڵکی وڵاتی ئەفغانستان بە ناوی شیرمحەممەد نەزروڵڵا کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کراوە.
هەمان ڕۆژ هەنگاو ڕایگەیاند کە سزای سێدارەی سێ کەسی دیکە جێبەجێ کراوە و بەم پێیە ژمارەی بەندکراوانی لەسێدارەدراو لەم بەندیخانەیە لەو ڕۆژەدا گەیشتووەتە شەش کەس.
هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوانە، تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە میدیا حکوومەتییەکان و بە تایبەتی میدیاکانی سەر بە دەزگای دادوەری ڕانەگەیێندراوە.