ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ۹ بەندکراو بریتی لە ۳ بەندکراوی کورد و بەندکراوێکی خەڵکی ئەفغانستان لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج

٨ جۆزەردان ٢٧٢٥، ٢١:٢٧

هەنگاو؛ پێنجشەممە ۸ی جۆزەردانی ۲۷۲۵

لە ماوەی ڕۆژانی چوارشەممە و سێشەممەی ئەم حەفتەدا سزای سێدارەی لانی کەم ۹ بەندکراو بریتی لە بەندکراوێکی سیاسی، ۳ بەندکراوی کورد، بەندکراوێکی لوڕ و بەندکراوێکی خەڵکی ئەفغانستان کە پێشتر بە تۆمەتی وەکوو سیخوڕی بۆ ئیسرائیل، کوشتنی بە ئەنقەست، دەستدرێژیی سێکسی و هەروەها بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، جێبەجێ کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ۷ی جۆزەردانی ۲۷۲۵ (۲۸ی مەی ۲۰۲۵)، سزای سێدارەی پێدرام مەدەنی، بەندکراوی تەمەن ۴۱ ساڵی خەڵکی تاران کە پێشتر بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا.

هاوکات سزای سێدارەی پێنج بەندکراو بەناوەکانی حوججەت هەواسیزادە، تەمەن ۳۶ ساڵ و خەڵکی ناوچەی گەڕاوەندی کۆیەشت، شەهریار عەلی ئابادی، تەمەن ۲۷ ساڵ و خەڵکی کرماشان، سەید عەباس لەکی خەڵکی گوندی خەسرەوئابادی دێلفان و تەمەن ۳۷ ساڵ، ئەفشین عێززەتی تەمەن ۳۳ ساڵ و خەڵکی تاران و مەجید بەهرامی ناسراو بە (مەجید خەلیفە) خەڵکی تاران جێبەجێ کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری هەنگاو، حوججەت هەواسیزادە پێنج ساڵ پێشتر، شەهریار عەلی ئابادی لە سێ ساڵ پێشتر و سێ بەندکراوی دیکە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

لە لایەکی دیکەشەوە و بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ڕۆکنا، ڕۆژی سێشەممە ۶ی جۆزەردان (۲۷ی مەی) سزای سێدارەی سێ بەندکراو لەو بەندیخانەیەدا جێبەجێ کراوە. ناسنامەی یەک لەو بەندکراوانە حوسێن یاری خەڵکی خوڕەمئاوا کە ۴ ساڵ پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە.

بەپێی نووسینی ئەو ماڵپەڕە بەندکراوێکی خەڵکی ئەفغانستان کە ۷ ساڵ پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو و بەندکراوێکی دیکە بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی لەسێدارە دراون.

تا ئێستا تەنیا هەواڵی لەسێدارەدرانی چوار بەندکراو لە میدیا حکومەتییەکان بڵاو کراوەتەوە و هەواڵی لەسێدارەدرانی پێنج بەندکراوی دیکە میدیایی نەکراوەتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە