ڕاپۆرتێك لەسەر جێبەجێكرانی سزای سێدارەی ١٠ بەندكراو لە ٢ڕۆژدا لە بەندیخانەی قزڵحیساری كەرەج

هەنگاو؛ هەینی ٣ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی هەفتەی ڕابردوو لانی كەم ١٠ بەندكراو لەوانە ٢ بەندكراوی كورد، دوو كەس خەڵكی ئەفغانستان و بەندكراوێكی گیلەک و بەندكراوێكی بەلووچ كە پێشتر بە تۆمەتی وەک دەستدرێژیی سێكسی، كوشتنی بەئەنقەست، دزیی چەکدارانە و مادە هۆشبەرەكان سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی قزڵحیساری كەرەج جێبەجێ كراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە سزای سێدارەی سێ بەندكراو بە ناوەكانی عارف زەعفەرانلوو تەمەن ٣٩ ساڵ، هاووڵاتییەكی كورد و خەڵكی قووچان و دانیشتووی شاری مەلارد، محەممەد بەراهوویی تەمەن ٣٥ ساڵ و هاووڵاتیی بەلووچ و خەڵكی زاهیدان و حوسێن ساسانی خەڵكی تاران لە بەندیخانەی قزڵحیساری كەرەج جێبەجێ كرا.
بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، عارف زەعفەرانلوو ٤ ساڵ پێش و محەممەد بەراهوویی وحوسێن ساسانی ٣ ساڵ پێش لە دۆسیەیەكی هاوبەش دەستبەسەر و دواتر لە لایەن دەزگای دادوەری كۆماری ئیسلامیی ئێران سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
بە پێی ڕاپۆرتی پێشووتری هەنگاو، سەر لەبەیانی چوارشەممە ١ی ڕەشەممە (١٩ی فێبریوەری)، سزای سێدارەی حوسێن یاوەری تەمەن ٢٨ ساڵ، هاووڵاتییەكی كورد و خەڵكی كرماشان و بێهرووز محەممەدی خەڵكی تاران كە پێشتر لە دۆسیەی جیاواز بە تۆمەتی كوشتنی بەئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی قزڵحیساری كەرەج جێبەجێ كرا.
هاوكات ساسان میرهادی هاووڵاتیی لوڕ و خەڵكی دێزفوول بە تۆمەتی موحاربە لە ڕێگای دزیی چەکدارانە و ڕەزا ئەنزەلیچی تەمەن ٤٥ ساڵ، بەندكراوێكی گیلەک و خەڵكی ڕەشت بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەكانەوە لەم بەندیخانەیە لە سێدارە دران.
لە لایەكی دیكەوە و بە پێی ڕاپۆرتێک كە ماڵپەڕی ڕۆژنامەی هەمشەهری بڵاوی كردووەتەوە، ڕۆژی چوارشەممە سزای سێدارەی سێ كەس لەوانە دوو كەسی خەڵكی ئەفغانستان كە پێشتر بە تۆمەتی "دەستدرێژی سێكسی" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لەم بەندیخانەیە جێبەجێ كراوە. دوو بەندكراوی دیكەی ئەفغان دوو ساڵ پێش و بەندكراوێكی دیكە ٦ ساڵ پێش دەستبەسەر كرابوون.
جیا لە هەواڵی ئەم سێ بەندكراوە ڕۆژنامەی هەمشەهری هەواڵی یەکێک لەو بەندكراوانەی كە بە تۆمەتی كوشتنی بەئەنقەست لە سێدارە دراوە میدیایی و هەواڵی لەسێدارەدانی ٦ بەندكراوی دیكە تا ئێستا لە لایەن میدیاكانی نزیك بە دەزگای دادوەری ڕانەگەیێندراوو.