دەستبەسەرکرانی دووبارەی ئومێد مەزڵووم برای بەندکراوی سیاسیی لەسێدارەدراو موحسین مەزڵووم
هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤
ئومێد مەزڵووم هاووڵاتیی کورد و لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان و برای موحسین مەزڵووم بەندکراوی سیاسیی لەسێدارەدراو، بۆ جاری دووەم لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. موحسین مەزڵووم بەندکراوی سیاسیی کورد، زستانی ساڵی ڕابردوو دوای ١٨ مانگ بێسەروشوێنکرانی زۆرەملێ لەسێدارە درا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (١٧ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤)، ئومێد مەزڵووم هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "ئەتمیش"ی سەر بە مەهاباد، بۆ جاری دووەم لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئومێد مەزڵووم تەمەن ٤٠ ساڵ، بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کراوە.
شایانی باسە کە، ناوبراو پێش جێبەجێکرانی سزای سێدارەی براکەی موحسین مەزڵووم و لە ڕێکەوتی ٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی مەهاباد دەستبەسەر و دوای تێپەڕینی چەند ڕۆژ بە دانانی بارمتەی یەک ملیاری بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرابوو.
موحسین مەزڵووم و سێ بەندکراوی سیاسیی دیکەی کورد بە ناوەکانی محەممەد فەرامەرزی، پژمان فاتیحی و وەفا ئازەربار لە ڕێکەوتی ٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣ (٢٩ی ژانویەی ٢٠٢٤)، دوای ١٨ مانگ بێسەروشوێنکرانی زۆرەملێ لە بەندیخانەی قزڵحساری کەرەج لە سێدارە دران و لەو کاتەوە تەرمەکانیان بە بنەماڵەکانیان نەدراوەتەوە.