حوورا نیکبەخت، بەندکراوی سیاسی: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە «ژن، ژیان، ئازادی» هەیە
حوورا نیکبەخت، بەندکراوی سیاسیی ژن کە سزای بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ئێڤینی تاراندا تێپەڕ دەکات، بە بڵاوکردنەوەی نامەیەک کە کۆپییەکی بەدەستی هەنگاو گەیشتووە دەڵێت: "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە «ژن، ژیان، ئازادی» یە." ناوبراو لەو نامەیەدا کە دەقی تەواوی لە خوارەوە دێت، لەسەر دوو بەندکراوی سیاسیی کورد، پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی قسەی کردووە و کوتویەتی: "ئێستا با ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستت بڵێت، دوو ژنی کوردی پەروەردەی ناوچە سوننە مەزهەبەکان دادخوازییەکەیان بۆ کوێ بەرن؟!"
لە کۆتایی باکووری شاڕێی «یادگاری ئیمام»، لە بەندیخانەی ئێڤینەوە دەنووسم. لەو یادگارە نایابەی نێوان دیارییەکانی خومەینی و لە بەندکراوانی بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێڤین.
ساڵی ڕابردوو دوای ڕۆیشتن بۆ دکتۆر و ئاشکرابوونی چەند نیشانە کە هیچ یەک لەوان ئاماژەیان بە کێشەیەکی جەستەیی دیاریکراو نەبوو، گەشت، بیابان، یوگا، و هاوڕێیەتی لەگەڵ مرۆڤە دڵخۆشەکانم بە دەرمان بۆ نووسرا. دکتۆرەکە باوەڕی هەبوو کە من هەر بەوانە باش دەبمەوە. بەڵام ئێستا من لێرەم. لە شوێنێک کە هیچ یەک لەو شتانە تێیدا لەبەر دەستدا نین. بەڵام لەگەڵ ژنانی شەڕڤان، خۆڕاگر و هیواداری ئێڤیندام.
ئێرە شاری خەونی ئامانجەکان نییە، بەڵام ئەو وێرانەشارەش کە هەندێک کەس لێیان ساز کردووە نییە. بە وێرانەشار دەرخستنی ئێرە بۆ وەرگرتنی خاڵ لە حکومەتی فاشیستییە و نە هیچ شتێکی دیکە.
ئەگەر بمهەوێت ناوی ئەو ژنە خۆڕاگرانە بهێنم، بەبێ ئەوەی زیدەڕۆییەکی تێدا بێت ناوی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی لە ڕیزی سەرەکیدا دەهێنم؛ دوو ژن کە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە (کوشتنی حکومەتی).
جاری یەکەم پەخشان عەزیزیم لە حەساری بەنددا دیت. نەک لەبەر ئەو پرچانەی کە بەهۆی شوێن و بارودۆخە ناخهەژێنەکانەوە سپی بوون کە بەهۆی پێگەیشتن و ئارامییە ناوازەکەی، وامدەزانی بە ساڵان لە من گەورەترە. لە وەڵامی پرسیاری «تۆمەتی ئێوە چییە؟» زەردەخەنەیەکی تاڵ کەوتە سەر ڕوخساری و کوتی «ژنبوون و کوردبوون.»
هەتا ڕۆژێک کە هەواڵی لەسێدارەدرانەکەی گەیشتە بەند، بەردەوام وام بیر دەکردەوە کە زۆر گەورەترە و سەیر ئەوەیە کە ئێستاش هەست دەکەم لەگەڵ ژنێک ڕووبەڕووم کە دوو ئەوەندەی من ژیاوە.
دەبێت زۆر گەورە بیت کە نەهێڵیت تەنانەت لە پشت سەری کەسێک کە گیانتی بۆ گرنگ نییە قسە بکەن. دەبێت زۆر گەورە بیت کە سەرەڕای ئەوەی لەژێر سزای سێدارەدای، ئاگاداری هەمووان بیت و ئاریکاربوونەکەتت بۆ چرکەیەکیش لە یاد نەچێتەوە. دەبێت چەندە گەورە بیت کە چەندین جار لای هاوبەندییەکانت پێداگری لەسەر ئەوە بکەیت کە لە دروشمەکانی #نا_بۆ_سێدارە ناوی تۆ نەهێنن و کاتێک بزانیت کەسێک دەیهەوێت لەسەر تۆ بنووسێت، پێی بڵێی کە ئاماژەکردن بەو کەسانەی دیکەش کە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە لەبیر نەکات.
پەخشان بە تەواوەتی لەسەر ئەو بڕوایەیە کە تەنیا جەستەی لە بەنددایە و بیر، هزر و هەستی بەرانبەر بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستت، ئازادە. ژنێک کە لە منداڵییەوە مۆری جوداییخوازی، هاووڵاتینەبوون و ڕەگەزی دووەمی خواردووە و لە ساڵی ٢٧٠٩ هەر بەو تۆمەتانەوە دەستبەسەر کراوە. پەخشان بە چۆنییەتیی لە بەنددابوونی نیشانی داوە کە لە مردن ناترسێت؛ ترسی لە ژیانێکی بێ کەرامەتە و بەردەوام لە پێناو ژیاندا بە ئازادی و ئاکاربەرزییەوە خەباتی کردووە. ڕاگەیاندنی سزای سێدارە هیچ ئاڵوگۆڕێکی لە ڕەوتی ژیانی ڕۆژانەی پەخشان ساز نەکرد، هیچ شتێک لە بەرنامەی خۆراک، خاوێنکردنەوە، وەرزشکردن و خوێندنیدا نەگۆڕاوە.
ئەو ژنەی بە مانگ بێ کتێب، بێ پەیوەندی و بێ چاوپێکەوتن، لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیراوە، بۆ ئێوارانی #هەڵمەتی_سێشەممەکانی_نا_بۆ_سێدارە لە ڕادەیەکی زۆردا چێشت ساز دەکات.
ئەوەی پەخشان لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ داعشدا ئەزموونی کردووە، بۆ زۆر کەس وێنا ناکرێت. ژنێک کە ئاریکاربووون و ئەنجامی ئەرکێکی سەرتر لەو سنوورانەی کە بایەخێکیشیان بۆ دانانێتی، بەسەردا سەپێندراوە.
بۆ یەکەمجار وریشەم، کە لەسەر داوای خۆی بە جوانا بانگی دەکەین، لە داڵانی بەنددا دیت. بە هێمنی قسەکردنی، ڕوخساری هەمیشە ڕێکوپێک و هاوئاهەنگیی نێوان ڕەنگەکانی جلوبەرگەکەی و قژگیرە بچووکەکانی سەر زوڵفە هەمیشە پەلکەکراوەکانی سەرنج ڕادەکێشن و بۆ عەقڵییەتێک کە بە کلیشە ڕاهاتووە، ژنێک ساز دەکەن کە وەک دەڵێن تاڵیی ژیانی نەچێشتووە.
دانیشتن و هەستانی زیاتر لەگەڵی، بە بێ ناسینێکی ورد لە ڕۆژگارێک کە تێپەڕی کردووە، ئەو خەیاڵە خاوەی لەبارەیەوە هەتە زیاتر پەرە پێدەدەن. هۆگری دروست نووسین و پێداچوونەوە بە نووسراوەکانە و پێی خۆشە بە زمانی فارسیش، کە زمانی دووەمیەتی بە تەواوی دروست و بێ هەڵە بنووسێت. بەردەوام کتێب داوا دەکات و دەخوێنێتەوە، بە سەرنج و سەبرەوە بۆ کەفی گوڵیلڤانک ساز دەکات. تەنانەت لە کاتی بیست ڕۆژ مانگرتن لە خواردنیشیدا ناخۆشییەک لە قسەکردن و کرداریدا نەدەبیندرا و تەنیا ڕوخسار و جەستەی، کە بە سەختی لاواز ببوون، نهێنییەکانی دەروونیان دەردەخست.
دەبێت بتهەوێت بزانیت لەبەر چی و چۆنە کە لێرەیە. فرمێسکەکانی کە لە کاتی وەسفکردنی شێوەی لێپرسینەوە و لەسێدارەدرانی فەرزاد کەمانگەر دەڕژێنە خوار، ئەو خەیاڵە خاوەی هەتبوو دەسووتێنن و دەیکەن بە خۆڵەمێش.
ئەوەیکە دوای ئەو هەمووە ساڵە، هەمان لێپرسی فەرزاد لێپرسینەوەی لەویش کردووە زەردەخەنەیەکی سەربەرزانە دەخاتە سەر ڕوخساری. وریشەی نزیکەی ٣٩ ساڵان پێی وایە خەبات شتێک نییە کە لە شوێنێک دەست پێ بکات و لە جێیەک کۆتایی پێ بێت؛ تەواوی ژیان خەباتە. خەبات هەڵگرتنی چەک و ڕاوەستان لە بەرانبەر هەندێک کەسدا نییە. خەبات بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سووڕی بەتاڵی ژیانە.
کاتێک وریشە باس لە ڕۆژانێک دەکات کە لە ڕۆژئاوا و کۆبانێ تێپەڕی کردووە، لای خۆت وا بیر دەکەیەوە کە گەر چالاکی بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان ئەو کارانەن کە وریشە کردوویەتی، کەواتە دەستەواژەی چالاکی مافی ژنان بۆ زۆر کەسی دیکە تەنیا نازناوێکی خەیاڵینە.
ڕۆژئاوا بۆ وریشە خاڵی وەرچەرخان بۆ تێگەیشتن لە ژنبوونە و برینداربوون لەوێ شانازییەتی. هێشتا دەیهەوێت ژنبوون لە هەموو بارێکەوە بناسێت و خەبات بۆ شۆڕشێکی هزری بکات. هێشتا جەستەی پارچەی تەقەمەنییەکانی شەڕی تێدایە و سەرەڕای ئەوەی ئازاری دەدات، دەیهەوێت وەکوو یادگارییەک لە کۆبانێ ڕایگرێت.
وریشە بە ڕوونی دەڵێت: «تا کاتی کۆتاییهێنان بە هەرچەشنە ستەمێک لە دژی ژنان، لە کوردستانەوە تا بەلووچستان و لە ئێرانەوە هەتا ئەفغانستان و هەتا کاتی گەیشتن بە ئامانجەکانی ژن، ژیان، ئازادی لە خەبات بەردەوامم.»
وریشە بە پشتبەستن بە ژنبوون، کوردبوون و گەڕان لە دوای ژینێکی ئازاد بە بەغی تۆمەتبار کراوە.
وریشە ئیدانە دەکرێت لەبەر ئەوەی شێوەیەک لە ژیانی هەڵبژاردووە کە بڕوا و پشتبەستنێکی بە سنوورە نەگۆڕە سیاسییەکانی تاک زمانیی تاک کولتووریی تاک ئایینی و لێکدانەوەی ڕاستەوخۆی مێژوو نییە.
لەتەچنی ئاڵۆزی ژیانی من پارچەی ژین لە ئێڤینی کەم بوو. پێویست بوو بێمە ئێرە و جوانی و شکۆمەندیی ئەو ژنە گەورانە ببینم. پێویست بوو بێم و ببینم خەبات زۆر فراوانتر لەو شتەیە کە من خەیاڵم دەکرد. پێویست بوو بێم و لە تەنیشت ئەو ژنانەوە ڕاوەستێم و لە حەساری ئێڤین هاوار بکەم «بەندی ژنانی ئێڤین/ هاودەنگ و یەکگرتوو/ هەتا هەڵوەشاندنەوەی سێدارە/ هەتا کۆتایی ڕاوەستاوە» ژنانێک کە ترسێکیان لە هیچ شتێک نییە و بە بێدەنگی لە بەندیخانەدا دانانیشن.
لەتەچنی ژیانی هەموو دانیشتووانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستت پێویستیی بە پارچەی هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارەی پەخشان، وریشە و یەک یەکی ئەو ژن و پیاوانەیە کە بۆ ئازادی تێدەکۆشن و پەخشانەکان و وریشەکانی بە ئازادی دەوێت و پێویستیی بە ژن، ژیان، ئازادییە.
ئێستا با ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵێت
دوو ژنی کوردی پەروەردەی ناوچە سوننە مەزهەبەکان دادخوازییەکەیان بەرەو کوێ بەرن؟!
«لمن تشتکی حبە القمح اذ القاضی دجاجە»
بۆ ئەو شوێنەی کە پیاوانی دانیشتووی ناوەند بە ناسنامەیەک لەسەر بنەمای مەزهەبی باڵادەست حوکم دەدەن.
ژنانێک کە بۆ دەسەڵاتی ناوەند بچووکن بەڵام بۆ سزاکانیان گەورەترین و قورسترین.
ژنانێک کە تۆمەتیان لێک گرێدانی ژن و ژیان و ئازادییە.
ئەی ژین لەگەڵت ناژیم
یان بە ئازادی ئەتڕازێنمەوە
حوورا نیکبەخت
سەرماوەزی ٢٧٢٤
بەندی ژنانی ئێڤین