ناڕەزاییەکانی بەفرانبار؛ دەستبەسەرکرانی یازدە هاووڵاتی لە سونقوڕ و کولیایی

١٦ بەفرانبار ٢٧٢٥، ٢٠:٥٣

هەنگاو؛ سێشەممە ۱۶ی بەفرانباری ۲۷۲۵

لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییان لەم دواییانەدا، لانی کەم یازدە هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سونقوڕ و کولیایی سەر بە پارێزگای کرماشان لەوان پێنج ژن و دوو منداڵ بەناوەکانی ئێحسان سەیفووری، جەواد ئۆستۆوار، کیوومەرس واعیزی، مەهدی باقری، فائیزە شەمایێلی، ئەمیر فەرهادی، یاسین حیشمەتیان، عەسەل بەگوەند، فەرنووش پاشایی، زۆهرە پاشایی و بەهار ڕەفیعی، لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ۱۶ی بەفرانباری ۲۷۲۵ (۶ی جەنیوەریی ۲۰۲۶)، ئێحسان سەیفووری، هاووڵاتیی خەڵکی سونقوڕ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

ئەو دەستبەسەرکرانانە پاش ناڕەزاییە مەدەنییەکانی ڕۆژی ڕابردووی خەڵک لەو شارە ئەنجام دراوە کە دوای دەستێوەردانی هێزە حکومەتییەکان و تەقە لە خەڵکی ناڕازی بە توندوتیژی کێشرا.

لە لایەکی دیکەوە ڕۆژی دووشەممە ۱۵ی بەفرانباری ۲۷۲۵ (۵ی جەنیوەریی ۲۰۲۶)، جەواد ئۆستۆواری، ڕاهێنەر و قارەمانی پێشووی کوشتی ئێران و ئاسیا، کیوومەرس واعیزی مامۆستای قوتابخانە، مەهدی باقری چالاکی مەدەنی، فائیزە شەمایێلی، ئەمیر فەرهادی، یاسین حیشمەتیان و عەسەل بەگوەند، منداڵی تەمەن ۱۶ ساڵ لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کران.

شایەنی باسە کە، عەسەل بەگوەند لەحاڵێکدا دەستبەسەر کراوە کە بریندار بووە.

هاوکات لە هەمان ڕۆژدا سێ ژنی ئەندامی یەک بنەماڵەی خەڵکی سونقوڕ و کولیایی بەناوەکانی فەرنووش پاشایی، زۆهرە پاشایی (کە پوور و برازان) و بەهار ڕەفیعی، منداڵی تەمەن ۱۷ ساڵ و کچی زۆهرە پاشایی، لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، زۆهرە پاشایی ماوەیەک دواتر ئازاد کراوە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر شوێن و دۆخی ڕاگرتنی ئەو هاووڵاتییانە و ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵیان لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە