سنە؛ بەردەوامی دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی چوار چالاکی ژنی کورد

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
سەرەڕای تێپەڕبوونی یەک حەوتوو لە کاتی دەستبەسەرکرانی چوار ژنی کورد بە ناوەکانی باران ساعدی، لەیلا پاشایی، سوهەیلا موتاعی هەر سێک لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" و سۆما محەممەد ڕەزایی، لە پەیوەندی بە بەشداری لە ڕێوڕەسمی ٨ی مارس "ڕۆژی جیهانی ژنان" لە شاری سنە، تاکوو ئێستا لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەرن.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕبوونی حەوت ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی باران ساعدی تەمەن ٤٥ ساڵە و سۆما محەممەد ڕەزایی تەمەن ٣٨ ساڵە، هەر دوو خەڵکی شاری سنە، لەیلا پاشایی تەمەن ٤٥ ساڵە و خەڵکی شاری سەقز و سوهەیلا موتاعی خەڵکی دێولان تاکوو ئێستا لە سەرەتاییترین مافەکانیان وەک هەبوونی پارێزەر و و پەیوەندی کردن بە بنەماڵەکانیان بێبەش بوون.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم چوار چالاکە ژنە کوردە تاکوو ئێستا هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان نەبووە و ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانی بنەماڵەکانیان.
ئەم چوار چالاکی مەدەنییە ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (١٠ی مارسی ٢٠٢٥) لە شارەکانی سنە و دێولان لە پەیوەندی بە چالاکی و ئامادەبوونیان لە ڕەوتی ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە ڕۆژی جیهانی ژنان لە شاری سنە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئەم شارە گواسترانەوە.