کرماشان؛ مەسعەب سەبزەواری کۆڵبەری خەڵکی ڕوانسەر بە هۆی سەختی برینەکانی گیانی لەدەست دا
هەنگاو؛ هەینی ٢٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٤
مەسعەب سەبزەواری، کۆڵبەری خەڵکی شاهۆی شاری ڕوانسەر کە سێ ڕۆژ پێش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ناوچەی سنووری نەوسوودی سەر پاوە بە سەختی بریندار کرابوو، بە هۆی قووڵی برینەکانی گیانی لەدەست دا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ٢٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (١٣ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، مەسعەب سەبزەواری، خەڵکی گوندی "قشڵاخ" لە بەشی شاهۆی شاری ڕوانسەر بە هۆی سەختی برینەکانی لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.
مەسعەب سەبزەواری سەر لەبەیانی چوارشەممە ٢١ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (١١ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، لە ناوچەی سنووری نەوسوودی سەر بە پاوە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان بە سەختی بریندار کرا. جێگای ئاماژەیە کە ئەم کۆڵبەرە گەنجە خێزاندار بوو.
پێشتر هەنگاو لەم بارەیەوە بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار نووسیبووی کە مەسعەب سەبزەواری دەموچاوی بریندار بووە و دوای برینداربوونی بۆ نەخۆشخانەی تاڵقانی شاری کرماشان گواستراوەتەوە.