کوژران و برینداربوونی سێ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە مەریوان و سەوڵاوا

٣ گەلاوێژ ٢٧٢٥، ١٢:٣٣

هەنگاو؛ هەینی ۳ی گەلاوێژی ۲۷۲۵

کۆڵبەرێک بەناوی ئەمین گەردی لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرا و دوو کۆڵبەری دیکە بەناوەکانی ڕەسووڵ فەتحی و دانیاڵ ساڵحی بریندار کران.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ۲ی گەلاوێژی ۲۷۲۵ (۲۴ی جولای ۲۰۲۵)، دانیاڵ ساڵحی، تەمەن ۲۴ ساڵ و خەڵکی گوندی "دووپلورە" سەر بە شاری مەریوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کرا.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ۱ی گەلاوێژ، ئەمین گەردی، تەمەن ۴۰ ساڵ، باوکی یەک منداڵ و خەڵکی گوندی "کانی تەمەرخان"ی مەریوان بە گوللەی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری "تەتە"ی سەوڵاوا گیانی خۆی لەدەست دا. لە هەمان ڕۆژدا ڕەسووڵ فەتحی، کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی مەریوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە بریندار کرا.

دانیاڵ ساڵحی و ڕەسووڵ فەتحی لە بەرزاییە سنوورییەکانی مەریوان، بەبێ هۆشداریی پێشوەخت کراونەتە ئامانجی تەقەی ئەو هێزانە.

ڕەسووڵ فەتحی لە بەشی کەمەریدا بریندار کراوە و دانیاڵ ساڵحی لاق و ڕانی بە گوللەی ئەو هێزانە پێکراوە و بەهۆی قووڵیی برینەکانییەوە بۆ ناوەندێکی دەرمانی لە تاران گواستراوەتەوە و ڕەسووڵ فەتحی لە مەریوان خەوێندراوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە