جێبەجێکرانی سزای سێدارەی لانی کەم شەش بەندکراو لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج
هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٤
سزای سێدارەی لانی کەم شەش بەندکراو بریتی لە بەندکراوێکی خەڵکی ئەفغانستان بە ناوی عەبدولباری پەکووهی و پێنج بەندکراوی دیکە بە ناوەکانی حەسەن عەلی یووسفی، مەجید جەمشیدی، سۆهراب ئەحمەدیپوور، فەرزاد نەورۆزی و ڕاستگوویی کۆندەلیج لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (١٨ی دێسەمبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی مەجید جەمشیدی، خەڵکی دلفانی سەر بە پارێزگای لوڕستان و سۆهراب ئەحمەدیپوور، تەمەن ٧٣ ساڵ و خەڵکی کۆیەشتی سەر بە هەمان پارێزگا، عەبدولباری پەکووهی خەڵکی ئەفغانستان و سێ بەندکراوی دیکە بە ناوەکانی حەسەن عەلی یووسفی، فەرزاد نەورۆزی و ڕاستگوویی کۆندەلیج جێبەجێ کرا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە دەزگای دادوەریی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، ڕاستگوویی کۆندەلیج شەش ساڵ پێشتر لە دوای سکاڵای چەند ژن لە تاران لەسەر "ئازارگەیاندن و بریندارکردنیان بە درێشە" دەستبەسەر کرابوو و بە تۆمەتی "افساد فی الارض لە ڕێگای ترساندن و ئازاردانی ژنان و بریندارکردنیان" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
حەسەن عەلی یووسفی، مەجید جەمشیدی، سۆهراب ئەحمەدیپوور و عەبدولباری پەکووهی، پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
هەروەها، فەرزاد نەورۆزی پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر کرابوو و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.