مەهاباد؛ دەستبەسەرکانی نازەنین ئەلیاسی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە
هەنگاو، چوارشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٤
لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە مەهاباد نازەنین ئەلیاسی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و ژمارەی دەستبەسەرکراوانی ئەم دواییانە لە مەهاباد گەیشتە ١٤ کەس.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (١٦ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، نازەنین ئەلیاسی هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد، دوای بانگکران و چوونی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەر کراوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتە سەپێندراوەکان، چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی نازەنین ئەلیاسی لەبەر دەستدا نییە.
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمار کراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوو لانی کەم ١٤ هاووڵاتیی کورد لە مەهاباد لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.