مەهاباد؛ دەستبەسەرکردنی شیرین مەسعوودی، چالاکی مەدەنیی کورد لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە
هەنگاو؛ شەممە ٣١ی گەلاوێژی ٢٧٢٦
چالاکێکی مەدەنیی کورد بە ناوی شیرین مەسعوودی، خەڵکی مەهاباد و ئەندامی گرووپی شاخەوانیی «ڕاژان»ی ئەم شارە لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات بۆ سەر شوێنی کارەکەی دەستبەسەرکرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئەمنیی ئەم دامەزراوەیە لە ئورمیه گوازراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٦ (١٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٦)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات بەبێ پیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی کاری شیرین مەسعوودی لە ساڵۆنێکی جوانکاری هەڵکەوتوو لە نزیک «پردی قانع» ی مەهاباد و بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەریان کردووە.
سەرەڕای سەردان و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی بۆ ئاگاداربوونەوە لەچارەنووسی ناوبراو، لایەنە ئەمنی و دادوەرییەکان لە پێدانی هەر جۆرە وەڵامێکی ڕوون خۆیان دەپارێزن.
تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و تۆمەتە پاڵدراوەکان دژ بە شیرین مەسعوودی لەبەردەستدا نییە و ناوبراو لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.