ئورمیە و پیرانشار؛ دەستبەسەرکران و نادیاری چارەنووسی دوو ژنی کورد

٢٩ گەلاوێژ ٢٧٢٦، ٢٠:٢٥

هەنگاو؛ پێنجشەممە ۲۹ی گەلاوێژی ۲۷۲۶

دوو هاووڵاتیی ژنی کورد بە ناوەکانی نازەنین حوسێن‌پوور و بەفرین ئەحمەدوەش لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە ئورمیە و پیرانشار دەستبەسەر کران و بۆ شوێنی نادیار گواسترانەوە. تا ئێستا و سەرەڕای تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی ئەم دوو هاووڵاتییە، زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ۲۵ی گەلاوێژی ۲۷۲۶ (۱۶ی ئاگۆستی ۲۰۲۶)، نازەنین حوسێن‌پوور، تەمەن ۳۴ ساڵ، خێزاندار و دایکی دوو منداڵی بچووک و خەڵکی ئاوایی "شیناوێ"ی سەر بە شاری پیرانشار پاش بانگکران و سەردانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە، دەستبەسەر کراو بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

جێگای ئاماژەیە کە، نازەنین حوسێن‌پوور سەرپەرشتی بنەماڵەیە. هاوژینەکەی تووشی نەخۆشیی شێرپەنجەیە و نازەنین بەرپرسیارێتیی چاودێریکردنی هاوژین، دوو منداڵ و دایک و باوکی نەخۆشی هاوژینەکەی لە ئەستۆدایە.

هەروەها و لە هەمان ڕۆژدا، بەفرین ئەحمەدوەش، خەڵکی ئاوایی "کەچەڵە"ی سەر بە ئورمیە لە ڕەوتی هەڵکوتانی هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بۆ سەر ماڵی بنەماڵەییی دوو مامی خۆی لەم ئاواییەدا، بەبێ پێشکەشکردنی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری و هاوڕێ لەگەڵ ئەوان دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

پێشتر هەنگاو ڕایگەیاندبوو کە ژمارەیەکی زۆر لە هێزە حکوومەتییەکان ئاوایی کەچەڵەیان گەمارۆ داوە و بە هەڵکوتانە سەر ماڵی شەعبان و ئیبراهیم ئەحمەدوەش، دوو مامی بەفرین و هاووڵاتییەکی دیکە بە ناسنامەی عەیواز بەهنەموون، بە پەنابردنەبەر توندوتیژی ناوبراوانیان دەستبەسەر کردووە.

تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، تۆمەتە پاڵدراوەکان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم دوو هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان بۆ ئاگاداربوون لە دۆخیان بێئاکام ماوەتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە