لە سنووری بانە کاسبکارێک ڕەقی بردەوە
٨ بەفرانبار ٢٧٢٤، ١٦:٤٦
هەنگاو؛ شەممە ٨ بەفرانباری ٢٧٢٤
کاسبکارێکی خەڵکی بانە کە ناسنامەکەی ئیدریس نادری ڕاگەیەندراوە، بەهۆی سەرما لە ناوچە سنوورییەکانی ئەو شارە ڕەقی بردەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٨ی بەفرانباری ٢٧٢٤(٢٨ی دیسەمبەری ٢٠٢٤ )، کاسبکارێکی خەڵکی گوندی ‘قول ئەستەر’’ی بانە بە ناوی ئیدریس نادری لە سەرما ڕەقهەڵات و گیانی لە دەست دا.
بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، ئیدریس نادری، لە بەرزاییەکانی کوێستانی ‘حەوت تاش’ی شاری بانە بەهۆی سەرماوە ڕەقهەڵاتووە. ناوبراو شەوی ڕابردوو بە مەبەستی گواستنەوەی مەڕوماڵات ڕووی لەو ناوچەیە کردبوو.
تەرمی ئەو کاسبکارە دوای ئەوەی لەلایەن خەڵکەوە دۆزراوەتەوە، بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبی شاری بانە گواستراوەتەوە.
سەرچاوە: Hengaw