دەستبەسەرکران، ئەشکەنجەدان و برینداربوونی کۆڵبەرێک لە سنووری بانە

١٠ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ١٩:١٢

هەنگاو؛ یەکشەممە ١٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی شاری بانە بەناوی شێرزاد چاوشینی، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و دوای ئەشکەنجەدران و دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلەکانی، بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە بە چەکی ساچمەیی بە سەختی بریندار کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (٢٩ی ژوئەنی ٢٠٢٤)، کۆڵبەرێک بەناوی شێزاد چاوشینی تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی شاری بانە، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێران جێگیر لە سنووری هەنگەژاڵی بانەوە دەستبەسەر کرا و بە سەختی ئەشکەنجە دراوە. هەروەها ئەو هێزانە دەستیان بەسەر مۆبایل و بڕی پارەی ١٢٣٠ دۆلاری ناوبراودا گرتووە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە چەکدارەکان دوای ئەشکەنجەدانی ئەو کۆلبەرە لاوە ئازادیان کردووە و لە پشتەوە بە چەکی ساچمەیی تەقەیان لێکردووە کە لە ئەنجامدا لە بەشی پشت، ڕان، لاق و سمتی بە سەختی بریندار کراوە.

ئەو کۆڵبەرە ئێستا لە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری بانە لەژێر چاودێری پزیشکیدایە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە