مەهاباد؛ وەهاب خەدیری‌پوور لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا

١٠ ڕێبەندان ٢٧٢٤، ١٦:٣٤

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤

وەهاب خەدیری‌پوور گەنجی خەڵکی مەهاباد و یەکێک لە ئەندامەکانی بنەماڵە دادخوازەکان دوای بانگکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەر کرا.ناوبراو برای سوهراب خەدیری‌پوور و ئامۆزای شەماڵ خەدیری‌پوور لە گیانبەختکردوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان ئازادییە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢٩ی جەنیوەری ٢٠٢٥)، وەهاب خەدیری‌پوور، هاووڵاتیی تەمەن ٣١ساڵە و خەڵکی شاری مەهاباد دوای بانگکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەرکرابوو.

هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بەرەبەیانی یەکشەممە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە کە خێزاندار و باوکی دوو منداڵە و ماڵەکەیان پشکنیوەتەوە. ناوبراو هەر وەها دووشەممە بۆ ئیدارەی ئیتلاعات بانگکرابوو و چەند کاتژمێرێک لێکۆڵینەوەی لێ کرابوو.

تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەر کرانی و تۆمەتە هەڵبەستراوەکان بۆ وەهاب خەدیری‌پوور لەبەر دەستدا نییە.

شایانی باسە کە، سوهراب خەدیری‌پوور برای وەهاب خەدیری‌پوورە کە ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بووە و، بەهاری ٢٧٢١لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانە کوژرا. ناوبراو هەروەها ئامۆزای شەماڵ خەدیری‌پوورە کە یەکێک لە گیانبەختکردوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە مەهابادە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە