دەستبەسەرکرانی سولەیمان قادر گەڵوان، برای عەبدولسەلام قادر گەڵوان لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری شنۆ

هەنگاو: شەممە ٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٥
سولەیمان قادرگەڵوان، برای عەبدولسەلام قادرگەڵوان یەکێک لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری شنۆ لەلایەن ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٥ (٢٧ی مارسی ٢٠٢٥)، سولەیمان قادر گەڵوان، ئەندامی بنەماڵە دادخوازەکان لە شاری شنۆ دەستبەسەر کرا.
سولەیمان قادر گەڵوان دوای بانگکران و ڕۆیشتنی ئەم هاووڵاتییە کوردە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ دەستبەسەر کرا.
تاوەکوو ئێستا زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووسی ئەو ئەندامی بنەماڵە دادخوازە و هەروەها هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی لەبەر دەست نییە.
عەبدولسەلام قادر گەڵوان، برای سولەیمان قادر گەڵوان لە ڕێکەوتی ٣٠ی پوشپەڕی ٢٧٢٢، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە تەقەی ڕاستەوخۆی لێ کرا.
ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕەزبەری هەمان ساڵ، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانەی “خومەینی” لە شاری ئورمیە گیانی لە دەستدا.