شەشەمین ڕۆژی مانگرتنی پووریا جەواهێری لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە

١٧ بەفرانبار ٢٧٢٤، ١٥:٢٩

هەنگاو؛ دووشەممە ١٧ی بەفرانباری ٢٧٢٤

پووریا جەواهێری، تۆمەتباری سیاسیی خەڵکی کامێران کە مانگی دووەم لە سێیەمین ساڵی دەستبەسەرکرانی تێپەڕ دەکات، بە نیشانەی ناڕەزایەتی سەبارەت بە بەردەوامیی دەستبەسەرکرانی مانی لە خواردن گرت. ناوبراو لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" دەستبەسەر کرا و پێشتر لە دەستبەسەرگەکانی ئیتلاعاتی سوپا لەژێر ئەشکەنجە و دانپێدانانی زۆرەملێدا داندرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (١ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، پووریا جەواهێری، تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی کامێران بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە زیاتر لە دوو ساڵ ناڕوونیی چارەنووسی خۆی بە دەستبەسەرکراوی، لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە مانی لە خواردن گرتووە و ئەمڕۆ شەشەمین ڕۆژی مانگرتنی تێپەڕ دەکات.

مستەفا ئەحمەدیان، پارێزەری پووریا جەواهێری لەو بارەدا بە ئاماژەدان بە دەستبەسەرکرانی بریگرتووەکەی بۆ ماوەی ٢٥ مانگ، ڕایگەیاند: "پووریا جەواهێری بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە دەستبەسەرکرانی درێژماوەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە مانی لە خواردن گرتووە."

پووریا جەواهێری ناوەڕاستی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ٢٧٢٢، لە دەستبەسەرگەی شەهرامفەری سوپای پاسداران لە سنە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی کامێران و مانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو لەو بەندیخانەیە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواسترایەوە.

پووریا بە سیناریۆیەکی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی کامێران، لەژێر ڕێوشوێنە ئەمنییەکان ناچار بە ڕۆڵگێڕان لە "شانۆگەرییەکی کوشتن" کرا کە بەمەبەستی دۆسیەسازی بۆ ناوبراو و تۆمەتبارکردنی بە "بەشداریی لە کوشتنی هێزێکی حکومەتی" ئەنجام درا.

ئەو تۆمەتبارە سیاسییە مانگی ڕەشەممەی ٢٧٢٣، لە لایەن لقی ١ی دادگای شۆرشی سنە بە تۆمەتی "موحارەبە، پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت و ئەندامێتی لە گرووپە دژبەرەکانی حکومەت" بێبەری کرا.

بەڵام لە دۆسیەیەکی دیکە لە دادگای تاوانەکان لەگەڵ تۆمەتی" کوشتنی بە ئەنقەستی یەکێک لە کادرەکانی سوپای پاسداران" ڕووبەڕوو کراوەتەوە کە تا ئێستاش سەبارەت بەو دۆسیە سزایەکی بەسەردا نەسەپێندراوە.

میدیا حکومەتییەکان ٢٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، هەواڵی کوژرانی بەسیجێک بە ناوی ڕەزا ئازەرباریان لە کامێران ڕاگەیاند و دواتر پووریا جەواهێرییان بە بکەری ئەو ڕووداوە ناو برد.

ئەوە لەحاڵێکدایە کە بەوتەی حەسەن جەواهێری، باوکی پووریا جەواهێری، کوڕەکەی ٢٤ی خەزەڵوەر لە گوندەکەیان خەریکی کاری ڕێگاسازی بووە و خەڵکی ئەو گوندە شایەتی دەدەن کە پووریا لە کامێران نەبووە.

پووریا جەواهێری ٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٢، لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" دوای بانگکران بۆ ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە کامێران دەستبەسەر کرابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە