سپیدە قولیان: ژن ژیان ئازادی نەخشەی ڕێگایەک بۆ زیندوومانەوە لە نیشتمانێکە کە مردن تێیدا بە یاسا کراوە
هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٣ی بەفرانباری ٢٧٢٤
سپیدە قولیان، بەندکراوی سیاسیی بەندیخانەی ئێڤینی تاران، بە بڵاوکردنەوەی نامەیەک لەسەر بابەتی ئیدانەکردنی پشتڕاستکردنەوەی سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی دەڵێت: "ئەوان لە دەنگی ئەو ژنانە دەترسێن، لەبەر ئەوەی دەزانن دەنگێک کە لە یەک سەدە چەوسانەوە سەری هەڵداوە، لە شەقامەکان دووپات دەبێتەوە. ئەوان دەزانن «ژن ژیان ئازادی» تەنیا دروشم نییە؛ زنجیرەیەکی لێک گرێدراوە کە دەستەکانی بە دەستەکان و دەنگەکانی بە دەنگەکان گەیاندووە."
دەقی ئەو نامەیە کە دەست هەنگاو کەوتووە بە شێوەی خوارەوەیە؛
«ژن ژیان ئازادی» نەک دروشم، کە برینێکی کراوەیە؛ برینێک کە لەسەر جەستەی ئەو خاکە ماوەتەوە، بەڵام هەر جارێک و دیسانەوە لە دڵی ئەو برینەوە ژیان ڕوواوەتەوە. ئەو سێ وشە، لە کوردستانەوە سەری هەڵداوە و بە شەقامەکان، زارەکان و دڵەکان گەیشتووە و ئێستا نەک وشە کە هەناسەیە. ئەو دروشمە نەخشەی ڕێگایەک بۆ زیندوومانەوە لە نیشتمانێکە کە مردن تێیدا کراوەتە یاسا.
ئەوانەی تەواوی بیریان کوشتنە دەیانەوێت پەتەکان لە گەرووی ئەو سێ وشە هەڵخەن و بیانخنکێنن، ئامانجیان نە تەنیا کوشتنی دوو ژن، بەڵکوو بڕینی ڕیشەی ئازادییە. وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی، دوو ژنی کوردن کە ئەوڕۆ دوو شەڕڤانی دیارن، کە ناوەکانیان لەسەر زارەکانە بەڵام قورسایی سێبەری سێدارەکەیان لەسەر تەواومانە.
فەرمانبەرانی مەرگ، ئەوجار ڕۆیشتوون بۆ کوشتنی خۆرەتاو و ڕووناکی. دەیانەوێت شاخەکان دانەوێنن و ڕووبارەکان ڕاگرن. بەڵام نازانن ڕیشەی دار بەڕووەکان هەمیشە لەژێر خاکدا زیندوون چوون هێزیان لە خوێن خواردنی ئەو خاکەوە وەردەگرن. ئەوان لە دەنگی ئەو ژنانە دەترسێن، لەبەر ئەوەی دەزانن دەنگێک کە لە یەک سەدە چەوسانەوە سەری هەڵداوە، لە شەقامەکان دووپات دەبێتەوە. ئەوان دەزانن «ژن ژیان ئازادی» تەنیا دروشم نییە؛ زنجیرەیەکی لێک گرێدراوە کە دەستەکانی بە دەستەکان و دەنگەکانی بە دەنگەکان گەیاندووە.
خولقێنەرانی مەرگ هەوڵ دەدەن ناحەزیی ڕوخساریان لە پشت دەمامکە دەستکردەکان بشارنەوە. فەرمان دەدەن و ترس دەپرژێنن تا دەنگی ئەو ئاڵقانە بخنکێنن. بەڵام ئێمە دەزانین کە لەپێشگرتن و سازکردنی مەودایەک لە نێوان خۆمان و ڕێگای حکومەت بەس نییە. ئێمە دەبێت دەنگمان بکەینە هاوار. دەبێت کارێک بکەین هەمووان بیبیستن ئێمە کوشتن قبووڵ ناکەین.
وریشە و پەخشان پێویستە زیندوو بمێننەوە. ئەوان دەمارەکانی ئەو ئاڵقانەن. ئەو شەڕە بۆ ژیانێکە کە لە چیاکانی کوردستانەوە تا دەشتەکانی بەلووچستان، لە شەقامەکانی ئازەربایجانەوە تا گوندەکانی خووزستان، دەستەکانی گەیاند بە یەک.
سپیدە قولیان
٢٢ی بەفرانباری ٢٧٢٤
بەندیخانەی ئێڤین