گیانی پەخشان عەزیزی لە مەترسیدایە؛ ڕەتكردنەوەی دووەمین داوای دادگاییكردنی دووبارە

هەنگاو؛ یەكشەممە ١٧ی خاكەلێوەی ٢٧٢٥
بە ڕەتكردنەوەی دووەمین داوای دادگاییكردنی سەرلەنوێی پەخشان عەزیزی، بەندكراوی سیاسیی كورد لە لایەن دیوانی باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران، گیانی ئەم بەندكراوە سیاسییە لە ژێر مەترسی جدی جێبەجێكرانی سزای سێدارەیە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، مازیار تاتایی، پارێزەری پەخشان عەزیزی ڕایگەیاند كە دووەمین داوای دادگاییكردنی دووبارە لە بارەی سزای سێدارەی ئەم ڕۆژنامەوان و بەندكراوە سیاسییەی بەندكراو لە بەندیخانەی ئێڤین ڕەتكراوەتەوە.
ئەم پارێزەرە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئیكس نووسیویەتی: "لقی پێداچوونەوەی دیوانی باڵای وڵات، دووەمین داوای دادگاییكردنی دووبارەی پارێزەرەكانی پەخشان عەزیزی، بە بێ داواكاری دۆسیەی دادگایی، ڕەتكردنەوە و بەرگرییەكانی پارێزەرانی پەخشان عەزیزیان بە بێ كەڵک ڕاگەیاندووە. هۆكارگەلی لەم شێوەیە لە لایەن لقی پێداچوونەوە پێویستی بە داواكاری دۆسیەی دادگاییكردنی هەیە كە بەداخەوە جێبەجێ نەكرا."
پێشتر لە ڕێكەوتی ١٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥، یەكەمین داوای دادگاییكردنی دووبارەی سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی، لە لایەن لقی نۆی دیوانی باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران ڕەتكرابوویەوە.
پەخشان عەزیزی ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (١٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، بە تۆمەتی"بەغی" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. ناوبراو دواتر لە لقی سێی لێپرسینەوەی خانەی دادی ئێڤین لەگەڵ کردنەوەی دۆسیەیەکی دیکە لەژێر ناوی "ئاژاوەنانەوە لە بەندیخانە" ڕووبەڕوو کرایەوە و سزای شەش مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
ئەم سزای سێدارەیە لە ناوەڕاستی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لە لایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران پشتڕاست كرایەوە.
شایانی باسە کە، پەخشان عەزیزی، ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٢، لە شارۆچکەی خەرازیی تاران لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو. ئەو ڕۆژنامەنووسە ڕۆژی ٢٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ لە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین ناسراو بە دەستبەسەرگەی فەرمانگەی ئیتلاعات بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێڤین گواسترابوویەوە.
ناوبراو ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧٠٩، لە ڕەوتی کۆبوونەوەیەکی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاران بەنیشانەی ناڕەزایەتی سەبارەت بە لەسێدارەدرانی بەندکراوانی سیاسی لە کوردستان، دەستبەسەر کرا و لە ئاکامدا، ڕۆژی ٢٨ی مانگی ڕەشەممەی ئەو ساڵە، دوای ٤ مانگ بەندکران بەدانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.
پەخشان عەزیزی دواتر بەهۆی گوشار و هەڕەشەی بەردەوامی ناوەندە ئەمنییەکان ئێرانی بەجێهێشت و هاوکات لەگەڵ لێکۆڵینەوەکانی لەسەر بارودۆخی ژنان لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوا، لەسەر چاکسازیی ئەو بارودۆخە لە بواری ئاریکاری کۆمەڵایەتیدا هەنگاوی هەڵێناوە.