دێولان؛ دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی پووریا ئەحمەدی، لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان
هەنگاو؛ سێشەممە ١٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤
پووریا ئەحمەدی، خەڵکی شاری دێولان و برازای شادمان ئەحمەدی لە گیانبەختکردوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، زیاتر لە ١٠ ڕۆژی ڕابردووی لە دەستبەسەریدا تێپەڕ کردووە و چارەنووسی ناڕوونە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پووریا ئەحمەدی، تەمەن ٢٦ ساڵ و لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکانی دێولان زیاتر لە ١٠ ڕۆژی ڕابردوو لە دەستبەسەریدا بووە و هەروا زانیارییەک لە چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
بەدواداچوونی بارودۆخی پووریا ئەحمەدی لە لایەن بنەماڵەکەیەوە بۆ ئاگاداربوون لە بارودۆخی ئەم هاووڵاتییە تا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران و تۆمەتە سەپێندراوەکان بۆ سەر ئەم هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.
شادمان ئەحمەدی، تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی دێولان، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لە ڕێکەوتی ١٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٨ی دیسەمبەری ٢٠٢٢) لەم شارە دەستبەسەر و لە هەمان ڕۆژ لە ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست دا.