شنۆ؛ یووسف حاجی‌خۆش، بەندکراوی سیاسیی کورد لە دۆسیەیەکی دیکەدا سزای دە مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

٣٠ ڕێبەندان ٢٧٢٤، ١١:٥٠

هەنگاو؛ سێشەممە ٣٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤

یووسف حاجی‌خۆش، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری شنۆ و ئەندامی شوورای ناوەندی و دەستەی بەڕێوەبەری بەرەی یەکگرتووی کورد، سزای دە مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. ناوبراو لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە سزای بەندکرانەکەی تێپەڕ دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، یووسف حاجی‌خۆش، هاووڵاتیی تەمەن ٤٨ ساڵ و خەڵکی گوندی "کۆنەقەڵا"ی سەر بە شاری شنۆ، لە لایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەنساری" سزای ١٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

یووسف حاجی‌خۆش پێشتر لە ڕێکەوتی پێنجشەممە ١٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ و لە پەیوەندی لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی کوردستاندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە بەکارهێنانی توندوتیژی لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرا و بەمەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ئورمیە گواسترایەوە.

ئەو هاووڵاتییە ماوەیەک دواتر بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شنۆ گواسترایەوە و لەئاکامدا ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ بەدانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کرابوو.

ناوبراو لە لایەن دادگای شۆڕشی شاری شنۆ بە تۆمەتی "هاوکاری و پەیوەندی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" سزای ٣ ساڵ و ٤ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو. کە ٣١ مانگ لە ماوەی سزاکەی هەڵپەسێردراوە.

یووسف حاجی‌خۆش، لە حاڵێکدا کە بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شنۆ گواسترابۆوە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (١٨ی دیسەمبەری ٢٠٢٤) لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترایەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە