ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر بارودۆخی ئەبووزەڕ سەیدی، بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی پاوە

١٥ گەلاوێژ ٢٧٢٥، ٢٢:٥٠

هەنگاو؛ چوارشەممە ۱۵ی گەلاوێژی ۲۷۲۵

ئەبووزەڕ سەیدی، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانی سەر بە پارێزگای کرماشان، لە بەندیخانەی ناوەندیی پاوە سزای بەندکرانەکەی خۆی تێپەڕ دەکات.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەبووزەڕ سەیدی، بەندکراوی تەمەن ۳۱ ساڵی خەڵکی سەلاسی باوەجانی، نزیکەی سێ مانگ پێش لە لایەن دادگای شۆڕشی پاوە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

ناوبراو لە ڕۆژی سێشەممە ۷ی جۆزەردانی ۲۷۲۵ (۲۸ی مەی ۲۰۲۵)، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی پاوە گواستراوەتەوە و لەو کاتەوە تا ئێستا، ماوەی دوو مانگ و هەشت ڕۆژە کە لەو بەندیخانەیە ڕاگیراوە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە پێشتر، لە ساڵی ۲۷۲۳، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو و بۆ ماوەی ۱۸ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان، ناسراو بە دەستبەسەرگەی مەیدانی نەوت، لێپرسینەوەی لێ کرابۆوە.

ناوبراو دواتر بۆ بەندیخانەی دیزڵئاوای کرماشان گواسترابۆوە و پاش ۱۲ ڕۆژ بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە