ئازادکرانی کاتیی هێرش زەندی ناوگەران لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە

هەنگاو؛ چوارشەممە ١ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
هێرش زەندی ناوگەران، چالاکی مەدەنیی کورد و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی شاری سنە، پاش یەک مانگ دەستبەسەرکران بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (١٨ی فێبریوەریی ٢٠٢٥)، هێرش زەندی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو، تەمەن ٤٠ ساڵ و دانیشتووی شاری سنە پاش یەک مانگ دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.
ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢٠ی جەنیوەریی ٢٠٢٥) لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە گواسترایەوە.
هێرش زەندی لە بەندکراوانی سیاسی پێشووی دەیەی هەشتای هەتاوییە کە بە تۆمەتی ئەندامێتی لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.